ئەفشین سوھراب زادە پەنابەری کورد لە تورکیا: گەر بگەڕێندرێمەوە لەسێدارە دەدرێم

KMMK:

ئەفشین سوھراب زادە پەنابەری کورد، دووشەممە 16ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، بە ھۆکارگەلی نادیار لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی تورکیاوە لە شاری کایسری دەستبەسەر کراوە و بۆ کەمپی GGM براوە، ناوبراو مەترسی ناردنەوە بۆ ئێرانی لەسەرە.

ئەم بەندکراوە سیاسیەی پێشوو و ھاوسەرەکەی لە ھەموو مرۆڤ دۆستان و ناوەندە مافی مرۆڤیەکان داوای یارمەتییان کردوە.

ناوبراو لە گرتەیەکی دەنگی کە توانیویە ھەناردەی دەروەی ئەو شوێنەی بکات کە لەوێ دەستبەسەرە، رایگەیاندووە کە: لە ئەگەری ناردنەوەم لە سێدارە دەدرێم.

ھاوسەری ئەفشین سوھراب زادە ھەروەھا رایگەیاندووە کە:« ھێزە ئەمنیەتیەکان ئەفشینیان بە قۆڵ و بەندەوە لە ژوورێکی تاکەکەسی جێگر کردووە و تەنانەت ناتوانێت لەگەڵ پارێزەر و دەرەوەی ژوورە تاکەکەسیەکە پەیوەندی بگرێت».

ئەفشین سوھراب زادە توانیویە لە رێگای مۆبایلەکەیەوە فایلێکی دەنگی بۆ دەرەوەی ژوورە تاکەکەسیەکە بنێرێت و لەم گرتە دەنگیەدا لە ھەموو ناوەندە مافی مرۆڤیەکان داوای یارمەتی کردووە و رایگەیاندووە کە لە ئەگەری ناردنەوەی بۆ ئێران، لە سێدارە دەدرێت. لەم گرتەیەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە: داوای لێکراوە نووسراوەیەک واژوو بکات بەڵام ئەو نووسراوەیەی واژوو نەکردوە و ھێزە ئاسایشیەکان بە چڕی لێیان داوە و و ناوبراو ئێستا لەو کەمپە لە ھەلوومەرجێکی نالەبار دایە و بە قۆڵ و بەندەوە لە ژوورێکی تاکەکەسی راگیراوە.

ئەفیشین سوھراب زادە، 31 ساڵ تەمەنیە و خەڵکی شاری کرماشان، دوو شەممە 18ی جۆزەردانی 2719ی کوردی، لە ئاکامی ناڕەزایەتیە گشتیەکان ، دەستبەسەر کرابوو و پاش 9 مانگ ئەشکەنجە لە ژوورە تاکەکەسیەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، لە بەشی دووھەمی دادگەی ئینقیلابی ئێران لە شاری کرماشان بە تۆمەتی موحاریبە لە رێگای ئەندام بوون لە حزبێکی کورستانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لەئاکامدا لەدادگەی پێداچوونەوە بۆ 25 ساڵ بەندکردن گۆڕدرا. ئەفشین سوھراب زادە، پاش بەسەربردنی 7 ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەکانی رەجایی شار، ئەوین، بەندەر عەباس، میناو و بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەکانی سنە و کرماشان لە ساڵی 2016ی زاینی پاش ناردنی بۆ پشووی پزیشکی، بۆ وڵاتی تورکیا ھەڵھات تاکو گیانی خۆی بپارێزێت.

شایانی باسە کە: چوارشەممە 6ی رەشەممەی 2721 کوردی، لە ئاکامی ھێرشێکی چەکداری بۆ ماڵی ناوبراو، ھاوسەرەکەی و منداڵەکەیان بە چڕی بریندار کرابوون.

ئەفشین سوھراب زادە لە کاتی ژیانی پڕ لە ناخۆشی لە تورکیا، چەندین جار لە لایەن کەسانی نەناسراوی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ھەواڵی ھەڕەشەی بۆ نێردراوە و پێشتر لە شارەکانی تورکیا، ھێرش کراوەتە سەری. لە ھەموو مرۆڤ دۆستان و کەسانی ئازادی خواز داوا دەکەین کە دەنگی ئەفشین سوھراب زادە و بنەماڵەکەی بن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *