لە شاری ئیلام باوکێک بە تەور کچەکەی خۆی دەکوژێ

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەر لە بەیانی ۲ی گەلاوێژ باوکێک لە شاری مێهران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کچی ۲۳ ساڵ تەمەنی خۆی دەکوژێ.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ولەسەر زاری شایەتحاڵانی شوێنی ڕووداوەکە پاش تێهەڵچوونی سەرزارەکی ناوبەری باوک وکچە وقوڵبوونەوەی تێهەڵچوونەکە لەکۆتاییدا باوک بەتەور چەندد زەبر لەسەری کچەکەی خۆی دەسرەوێنێ وکۆتایی بەژیانی دێنێ.

باوکە بکوژەکە پاش ڕووداوەکە خۆی بە کەلانتەری (بنکەی پولیس) دەناسێنێ وهەنووکە لەگرتووخانەی پولیسی شاری مێهران ڕاگیراوە. هەروەها تەرمی کچەکەیان گواستوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی مێهران. بەپێی زانیارییەکان بکوژەکە کارمەند یەک لە ئیدارەکانی شاری مێهرانە.

جێگەی باسە کە زۆرینەی کارناسانی جیهان، یاساکانی سزایی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەمبەر ژنانەوە بە دڕندانەترین یاسای جیهانیان ناوزەد کردووە. هەروەها سیاسەت وپیلان وپڕوپاگەندەکانی حکوومەت دژبەژنان لەزۆرینەی ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی داناوە. بۆوێنە لەیاساکانی سزایی کۆماری ئیسلامی ئێران دا هاتووە کەکوشتنی ژنان وکچان لایەنی گشتگیری نییە جگە لە هەندێ بابەتی ناوازە، واتە گەرهاتوو باوک ودایکی کوژراوەکە سکاڵایەکیان نەبوو، یاسا هیچ چەشنە سزایەک بۆبکوژەکە لەبەرچاو ناگرێ. هەروەها گەرکوشتنی کچان وژنان لایەنی گشتی بێت بە پشتبەستن بەمادەی ۲۲۰ یاسای سزادانی ئیسلامی بوک یان باوەگەورە، گەر خۆی نەوەی بکوژێ ئەوپەی سزاکەی ۱۰ ساڵ زیندانی کردنە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان