خۆکوشتنی منداڵێکی تەمەن ۱۰ساڵ لەشاری سنە

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوێنێ سێ شەممۆ ۲۹ی پووشپەڕی ۱۳۹٥ی هەتوی دەم دەمانی ئێوارە منداڵێکی ۱۰ساڵ تەمەنی خەڵکی شاری سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڕەکی دورەدەست وهەژارنشینی کانی کوزەڵە،لەکاتێکدا تەنیا لەماڵەوە دەبێ، بەلەچکی دایکی خۆی هەڵدەواسێ وکۆتایی بەژیانی خۆی دێنێ.

بەووتەی شایەتحاڵانی ئامادەبوو لەشوێنەکە وگوتەی باوک ودایکی ئەومنداڵە،دوێنێ کاتژمێر ۱٨ دایک وبابێ بەئامانجی چوون بۆبازاڕ لەماڵ دەچنە دەرەوە وونداڵەکەیش کە ناوی( د.ا)ه لەڕێگەی پەیژەوە  دەچێتە سەربان وبەلەچکەی شاڵی دایکی خۆی هەڵدەواسێ وکۆتایی بەژیانی خۆی دێنێ.

بە شایەتی دراوسێکان ئەم منداڵە وەرزشکار وئازا لەخوێندن وزۆریش بە ئەخلاق وپڕەنسیپ بووە.

جێگەی باسە ڕێژەی خۆکوشتنەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ لەزیادبوونەو باڵی کێشاوە بەسەرگەنجان وتەنانەت مێرمنداڵ ومنداڵانیشدا ،کەهەموو ئەم دیاردە نەشیاوانە سەرچاوەی ئابووری وکۆمەڵایەتییان هەیە بکەر وخوڵقێنەری ئەم دیاردانەش تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی پڕوکێنەر وچەوسێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران وهەموو ئەوگرژ وئاڵۆزیانەی کەبەهۆی هەژارییەوە لەنێوان گەورە ئەندامانی بنەماڵە دێنە ئاراوە کارلەسەر دەروونی منداڵان دەکات وبەو چەشنە ئینەرژییەکی نیگەتیڤ خۆی دەردەخات وکاەساتی وەکوو خۆکوشتن وتووش بوون بەمادە هۆشبەرەکان ودزی ولەشفرۆشی وسیخۆری بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەت و کۆچ وبەجێهێشتنی زێدونیشتمانی لێدەکەوێتەوە وتوخمی بنەماڵە لێک دەترازێنێ ومرۆڤ دەکات بە بوونەوەرێکی دژەکۆمەڵایەتی(سایکۆباتی).

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: