بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ۲۰ی ژووئییەی ۲۰۱٦ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران بەدەرکردنی ڕاگەیەندراوێک هەواڵی پووچەڵکردنەوەی چەند بۆمب و دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک کەسی بە تۆمەتی تیرۆریستی “تەکفیری وەهابی “بڵاوکردەوە.
بەر لەوەش وەزیری ئیتلاعات وعەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران گرتنی کەسانێک بە تومەتی لەو چەشنەیان بڵاو کردبۆەوە.
ناوی ئەوکەسە دەسبەسەر کراوانە بریتین لە ڕەسوڵ تۆفانی کوڕی عەبدوڵا خەڵکی شاری بۆکان پیشە دارتاش، ڕەزا زەندکەریمی کوڕی هادی خەڵکی سنە پیشە کرێکار وعەزیز ئاشناوەر کوڕی محەممەد خەڵکی پیرانشار پیشە بازاڕی.
ئەوەی دوا هەواڵ و بەیاننامەی وەزارەتی ئیتلاعات ئاماژەی پێدەکات، لەڕاستیدا بریتیە لە دەسبەسەرکردنی ئەو ۳کەسە لە دانیشتوانی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە بێ ئەوەی هیچ دەورێکیان لە چالاکییەکانی هەڵۆکانی ئازادی کوردستاندا هەبووبێت، ئەو سێ کەسە سڤیلە لە دانشتوانی رۆهەڵاتی کوردستانن، کە رەش بەگیر کراون و بۆ بەرەو پێش بردای پلانە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و راست نیشان دانی ئەو پرۆپاگاندایە رەوانەی گرتوخانە کراون.
لە شارەکانی سنە، بۆکان وپیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان ، بە تۆمەتی هاوکاری وبەشداری لەگەڵ ئەو پارتە و چالاکییەکانی، کەسانی سڤیل دەسبەسەر و بێ سەروشوێن کراون، ئەمە لەکاتێک دایە، بە پێی بەدواداچوونەکانی کۆمەڵەی مافی کوردستان ئەو ڕاگەیەندراوەی کۆماری ئیسلامی تەنیا پلان بۆ شاردنەوەی راستیەکان و هەوڵێک بۆ ملیتارێزەکردنی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئێمە واتا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە هەموو جۆرێ ڕەتی دەکەینەوە. ئەوەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە بڵاوی دەکەنەوە دوورە لە ڕاستی و پیڵانێکی تازەی تارانە بۆئەوەی هەرچەشنە جۆڵەیێکی ئازادیخوازانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە”تیرۆریستی”لە قاوبدەن و ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان و نەتەوە بن دەستکانی دیکەی حەشاردراو لە ئێران بە “تەکفیری و وەهابی” بناسێنن.
جێگەی باسە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە دەسبەسەرکردنی هاوڵاتیانی کورد بەتەکفیری و وەهابی داعشییان بناسێنێت وەک بڵێت من شەڕی داعش دەکەم ولەگەڵ تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی بەرەنگار دەبمەوە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە بۆخۆیی لەهەموو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەسانی تۆندئاژۆ و تەکفیری پەروەردە دەکات و بۆ ئامانجەکانی خۆی کەڵکیان لێ وەردەگرێ، تەنانەت هەموو مافێکی پێداون و بە ڕێژەیەکی بەرچاو و ناسراو لەشارەکاندا کۆبوونەوە سازدەکەن و بانگەشە و ڕیکلام دەکەن بۆ ڕاکێشانی خەڵک بەرەو لایی خۆیان،
بەڵام هەرجۆرە دەنگێکی ئازادی خوازی سەرکوت دەکات وتەنیا یەک ڕێگەی هێشتۆتەوە بۆ دەربازبوون لەو قەیران وگوشارەی لەهەناوی خەڵکدا بێچمی گرتووە ئەویش چوونە بەرەو لای ئیسلامی ڕادیکاڵ وهەوڵ ئەدات بیانخاتە ڕۆژەڤی هەرچی قەیران ونادادپەریەوە.
هەر بۆیە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو ڕێخراوە و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە لە قاودانی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی دەست هەڵبگرێ لە پلانی ساختەییانە بۆ داپڵۆسین وسەرکوتی گەلی کوردستان و ڕێز بۆ بنەڕەتی ترین پڕەنسیپو مافی مەدەنی وسیاسی هاوڵاتیان بەتایبەت مافی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی دەسڕاگەیشتن بە زانیارییەکان و مافی ئازادی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان دابنێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان