بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان شەشەمین دیاردەی خۆکوشتن لەشاری سەقز ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەمساڵدا کچێکی ۲۱ساڵ تەمەنە.
سەرلەبەیانی ئەوڕۆ کچێکی ۲۱ساڵە بەناوی (ر.م) دانیشتووی گەڕەکی بەهارستانی سەقز خۆی هەڵواسی وگیانی بەخت کرد، کەتەرمەکەی بەئامادە بوونی بەرپرسانی ئینتزامی، قەزایی و ئورژانس ڕاگوێزی ساردخانەی نەخۆشخانە کرا.
تابەئێستە هۆکاری خۆکوشتنی ئەم کەسە ڕوون نەبووەتەوە.
ڕێژەی بەرچاوی خۆکوشتنەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وبەتایبەتی لەشاری سەقز لەم چەند مانگەی بەرێ دا شەپۆلێک لە داخ وکەسەری بەدوای خۆدا هێناوە.بەچەشنێ کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی کارناسانە بۆبنەبڕکردنی ئەم دیاردانە ناکرێ وبەشی هەرەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری و بەرجەستەبوونەوەی زەینیەتی پیاوسالارانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هەروەها زۆرینەی ئەم خۆکوشتنانە لە گەڕەکە هەژارنشینەکان ڕوو دەدەن،بەشێکی دیکەیشی ناڕەزایەتی دەربڕین بهرانبهر به کۆمەڵگای پیاو سالار، نەبوونی شۆناسێکی دیاری کراو لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان کەلتووری عەشیرەتی و پێشکەوتوو، نەک حەز لە مردن بەڵکوو تووڕەیی وناڕەزایەتی دەربڕین و هاوارێ بۆ ئاوڕدانەوەیهکی زیاتر لە لایەن کۆمەڵگا و بە تایبەت بنەماڵە. دەتوانین هۆکارگەلێکی دیکەش بۆ ئەم بابەتە ناو ببەین بەڵام سەرەکیترینیان هەر ئەم خاڵانەن کە ئاماژەیان پێ کرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان