بەرپرسێکی حکوومی: پارێزگای سـنە پلەی دووی ئاماری تەڵاقی لە ئێران مسۆگەر کردووە

KMMK:

پێنجشەممە دووی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، ” سدیق محەممەدی” ڕێوەبەری پێشگیری لە هاتنەئارای تاوانی دادگای حکوومەت لە پارێزگای سنە، سەرەڕای ئەوەی دانی پێدا نا کە پارێزگای سـنە پلەی دووی جوێ بوونەوە و تێکدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری( تەڵاق) لە ئێران مسۆگەر کردووە، هاوکات ئاماژەی پێداوە کە بێکاری هۆکارێکی سەرەکییە کە بەم بۆنەوە تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش هەڵکشاوە.

ناوبراو بە پێی ئەوەی بەرپرسێکی حکوومی لە پارێزگای سنەیە و لە چاوی حکوومەتەوە تەنیا پارێزگای سنە کوردستانە و ئەم ئامارانە پارێزگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە خۆناگرێ کە بە بەراوەرد لە گەڵ پارێزگای ســنە قەیراناویترن بۆ وێنە پارێزگای ئیلام لە هەموو ڕوویەکەوە دۆخی قەیراناویترە.

ناوبراو ڕوونی دەکاتەوە کە لەو پارێزگایە لە ساڵی ڕابردوو ١٢ هەزار و ٧٠٠ زەماوەند کراوە و ٣ هەزار و ۵٠٠ تەڵاقیش ڕووی داوە و بە نیسبەتی حەشیمەتەوە پلەی دووهەمی جوێ بوونەوەی لەئێران هەیە.

شیاوی باسە کە: ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی سیاسەتی هەڵاواردن و دوژمن کارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕەهەندەکانی وەکوو بێکاری، کۆچ بە بۆنەی کارەوە، پەڕاوێز نشینی و دیکەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان پلەی یەکەمی هەیە و سەرەڕای ئەوەی ژێرخان و سەرخانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەژیە لە کانگا جۆراوجۆرەکان و هەبوونی زەوی و زاری کشتووکاڵی و ئاوی زۆر،بەڵام بەو حاڵەوە لە هەژارترین هەرێمەکانی ئێرانە و هەموو سامانەکەیشی دەدزرێ و لە شارەکانی ناوەندی ئێران دابەش دەکرێت و هاوکات بە بۆنەی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان زۆرینەی گەنجەکانی یان لە زینداندان یان پەڕیوەی هەندەران بوون هەر بۆیە خواستی ژیان و پڕۆسەی هاوسەرگیری تووشی تێکشکان و سایکۆلۆژی بووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان