KMMK:
لە چەندد ڕۆژێ ڕابردوو دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران ۵ ساڵ زیندانی سەپاند بە سەر ژنە چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری بۆکان ” فاتمە داوەند” کە لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ ی کوردی، دەستبەسەر کرابوو.
بە گوێرەی هەواڵەکە ئەم حوکمە لە لایەن دادوەر ” جەواد غوڵامی” و بە تۆمەتی گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین و هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بۆی دیاری کرا.
شیاوی باسه ناوباو دەبێ بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی خۆی بە بەشی جێبەجێکاری حوکمەکان بناسێنێ.
جێی بیرهێنانەوەیە؛ فاتمە داوەندچالاکی مەدەنی ڕۆژی شەممە ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ی کوردی لە کاتێکدا بریندار کرابوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و پاش دوو مانگ بۆ زیندانی ناوەندی ورمی گوازایەوە و لە دەسپێکی بەهاردا و لە گەڵ هاتنی ڤایرۆسی کورۆنا بە بارمتەی یەک میلیارد و ۵٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان