ورمێ: برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران

KMMK:

ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، لە بەرزاییەکانی “سۆمای برادۆست” سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی «شەمزین ئەحمەدی، حیکمەت ئەحمدی و ڕەوشەن جەهانگیری» بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران برینداربوون.

بە گوێرەی هەواڵەکە: هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ هۆشداری پێدانی پێشوەختە ڕاستەوخۆ کاروانێ کۆڵبەرانیان لە بەرزاییەکانی سۆمای برادۆست کردە ئامانج کە بەو هۆیەوە سێ کۆڵبەری ناوبراو فیشەکیان بەرکەوت و برینداربوون.

شیاوی باسە کە: کۆڵبەرە بریندارەکان بۆ چارەسەری بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی تورکیا لە باکووری کوردستان ڕاگواستراون.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم سێ حاڵەتە ٩٠ کۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران و هەندێ جار تورکیا بریندار و ٣۵ کۆڵبەر و کاسبکاریش گیانی خۆیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان