ساڵڕۆژی کوژرانی ناجوامێرانەی شوانە سەیدقادری لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە
ئەمڕۆ ۱٨ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی تیرۆری ناجوامێرانە ودژە مرۆڤی لاوێکی مەهابادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی شوانە سەیدقادری لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
کاتژمێر ۷ونیوی ئێوارەی ڕێکەوتی ۱٨ی پووشپەڕ لاوێکی شۆڕشگێڕی مەهابادی بەناوی “کەماڵ ئەسفەرەم” ناسراو بە شوانە سەیدقادری دانیشتووی گەڕەکی پشت تەپ لەشاری مەهاباد وێڕای چەند هاوڕێیەکی خۆی دەکەونە بۆسەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد و پاشان تەقەی لێ دەکرێ وبریندار دەبێ وهێزەئەمنییەکان جەستەی برینداری ناوبراو لەپشت ئوتۆمبێلێک دەبەستنەوە ولەناوشار ڕاکێشی دەکەن وسەرنجام دەکەوێتە بەر دڕندانەترین ئەشکەنجەکان وگیانی لەدەست ئەدات.
هۆکاری ئەو جینایەتە نامرۆقیانەی حکوومەت دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕینی شوانە وهاوڕێیانی لە چەند دۆخ وکاتی جیاواز بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکان کەچەند سندوقێکی دەنگدانی تەزویرییان ئاگر تێبەردابوو.
هەروەک لەوێنە وڤیدیۆکاندا دەردەکەوێ جیالەوەی کە ئاسەواری لێدان وڕاکێشان بەدوای ترۆمبیل لەسەر جەستەی شێواوی شوانە دیارە، لەهەمان کاتدا لەشاری ورمێ گورچیلە وبەشێک لەئەندامەکانی جەستەی دەرهێنرابوو.
دوابەدوای ئەم جینایەتە نامرۆڤانەیە تەرمی شوانە بەمەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی شاری مەهاباد،ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێت ودیمەنی تەرمی شوانە و بڵاوبوونەوەی خێرای ئاسەواری ئەشکەنجە دەسبەجێ وهەرئەوشەوە وڕۆژی دواتری ڕووبەڕووی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی شاری مەهاباد دەبێتەوە.
دوایی کەمتر لە۲کاتژمێر شەپۆلی ناڕەزاییەکان گەیشتە شارەکانی سەقز،سنە،کرماشان وسەرجەم زۆرینەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی ئەم جینایەتە نامرۆڤیانەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، دەنگی ناڕەزاییان هەڵهێنا وخوازیاری ئاشکراو دادگایی کردنی بەڕێوەبەرانی ئەم جینایەتە بوون.
ناڕەزاییەکان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بەسێ حەوتووی خایاند، سەرەڕای ئەوەی هیچ وڵامێک بەخواستی خەڵک نەدرایەوە ،بەپێچەوانەیشەوە تەوژمی سەرکوت و داپڵۆسێنی خەڵک کەوتە قۆناغی چەند قاتبوونەوە، تائەوجێگەی لەشاری سەقز حکوومەت بەباڵەفڕ تەقەی لە خۆپیشەران دەکرد وچەندین کەسی دیکە لەشارۆمەندانی مەدەنی گیانیان بەخت کرد.
جێگەی باسە ڕووداوی لەمجۆرە وەک پەلامارو ئەشکەنجە وکوشتن لە کوردستان زۆرئاساییە وپێشێلکاری مافی مرۆڤ وەک پێڕەوکردنی یاساوایە وگەر دام ودەزگا ئەمنییەکان جینایەتی لەمجۆرە نەکەن ڕەواییان لەلای بەرپرسانی باڵای حکوومی نامێنێ وکوشتنی کۆڵبەران وکوشتنی برایان عەلیخانی لە ناوچەی سەردەشت گوندی گوێزیلە کە ئێستەیش دانیشتووانی ئەو گوندە بەهۆی کوشتن وئەشکەنجەوە ماڵ و حاڵیان بەجێ هێشتووە ونادیارن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان.