هەدەپە: تورکیا دەیەوێت بە ئاوارەکانى سوریا دیمۆگرافیاى باکوری کوردستان بگۆڕێت

هەدەپە: تورکیا دەیەوێت بە ئاوارەکانى سوریا دیمۆگرافیاى باکوری کوردستان بگۆڕێت

ئایهان بیلگەن وتەبێژى هەدەپە ڕایگەیاند، لە دواى ئەوەى تورکیا پەنابەرانی سوریای بۆ کارتى سیاسەتى دەرەوە بەکارهێنا، ئێستاش دەیانەوێت پەنابەرەکان بۆ گۆڕینى دیموگرافیى ناوچەکە و عەمبارى دەنگ بۆ هەڵبژاردن بەکار بهێنێن.
ئاژانسى هەواڵى دیجلە بڵاویکردەوە، ئایهان بیلگەن وتەبێژى هەدەپە دوێنێ ٣ى تەمووزى ٢٠١٦ لە کاردانەوەیەک لەبەرامبەر لێدوانەکەى ئەردۆغان بۆ ئەوەى مافى هاووڵاتیبوونی تورکیا بدرێت بە پەنابەرەکانى سوریا لە تورکیا ڕایگەیاند “باشترین ڕێگە چارە بۆ پەنابەرەکان ئەوەیە بە خێرایى لە سوریادا کۆتایى بە جەنگ بهێنرێت و پەنابەرەکانیش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان”.

وتەبێژەکەى هەدەپە ڕاشیگەیاند “ئەو پەنابەرانە کە تاوەکو چەند ڕۆژ لەوە پێش بە لە تورکیا بە زیادە سەیر دەکران، زۆر جار لە سیاسەتى دەرەوەدا بۆ هەڕەشە بەرامبەر بە ئەوروپا بەکارهێنران و ئێستاش دەیانەوێت پەنابەران بۆ سیاسەتى ناوخۆ وەک هەڕەشە بەکار بهێنن”.

ئایهان بیلگەن وتەبێژى هەدەپە ئاماژەى بەوەشکردووە “مافى پەنابەرێتى بەشێکە لە مافەکانى مرۆڤ، بەڵام پەنابەرەکان بۆ حسابە سیاسییەکان بەکاردەهێنن و بۆ کۆتایهاتنیش بەو شێوە نزیکبوونەوەیە لە پەنابەران، باشترین ڕێگە چارە ئەوەیە لە سوریا جەنگ کۆتاپى پێبهێنرێت و پەنابەرەکانى سوریا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان”.

وتەبێژەکەى هەدەپە لە بەشێکى تر لە قسەکانیدا ئەوەى خستەڕوو “هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەى پەنابەرەکان بۆ کۆنتڕۆڵى دانیشتوان و گۆڕینى دیموگرافیا و کۆنتڕۆڵى کۆمەڵایەتى بەکار بهێنن. ئەو شێوە حسابە ئەندازەیانە بۆ ئەوەیە کۆمەڵگا بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیان و لەو شوێنەدا کە ژمارەى عەلەوییەکان زۆرن سوننە نیشتەجێ دەکەن و لەو شوێنەشدا کە ژمارەى کورد زۆرە عەرەب نیشتەجێ دەکەن و لەو ڕێگەیەشەوە دەیانەوێت کۆنتڕۆڵى کۆمەڵگا بخەنە ژێر دەستى خۆیان”.

ناوەندی هەواڵی NRT لەو بارەوە وا ئاماژە دەکات، ئایهان بیلگەن وتەبێژى هەدەپە لە درێژى قسەکانیدا وتى “لە ڕێگەى نێشتەجێبوونى پەنابەرانەوە حساب بۆ کاتى هەڵبژاردنیش دەکەن و لەو شوێنانەدا کە ژمارەى دەنگدەریان کەمە ژمارەیەکى زۆر پەنابەر نیشتەجێ دەکەن تاوەکو بەڕێوەبەرایەتیى ناوچەکان لە ڕێگەى دەنگى ئەو پەنابەرانە، کە مافى هاووڵاتیبوونیان پێ دەدەن بگۆڕن و لە ناوچانەدا دەسەڵات بەدەست بهێنن، بەڵام ئەوە کێشەى کورد یان عەلەویى لە تورکیا پێ چارەسەر ناکرێت، چونکە ئەو جۆرە هەوڵانە کارێکى هەڵەیە”.

بەپێى قسەکانى وتەبێژى هەدەپە “لە دواى ئەوەى کارى هەرزان و کرێى کەمیان دەدا بە پەنابەران، لە ئێستادا پەنابەران دەکەنە عەمبارى دەنگ و ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى پەنابەران بکەنە ئامانج. ئەوەش ڕێبازێکى دروست نییە و ئەگەر دەیانەوێت کارێکى باش بکەن با شێوەى مافى پەنابەرى دابڕێژرێتەوە بۆ ئەوەى ژیانى پەنابەرەکان باشتر بکرێت”.

ئەوەش لە کاتێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لە پارێزگاى کیلسى تورکیا ڕاگەیاندبوو، مافى هاووڵاتیبووونى تورکیا بە پەنابەرانى سوریا دەدەن.

ئەردۆغان داواشى لە وەزارەتى ناوخۆ کردبوو، کە بە خێرایى ڕێوشوێنەکانى پێدانى مافى هاووڵاتیبوونى تورکیا بە پەنابەرانى سوریا بگرنەبەر.

بەپێى سەرچاوە میدیاییەکان نزیکەى دوو ملیۆن ٧٠٠ هەزار ئاوارەى سوریا چوونەتە تورکیا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان