KMMK:
محەممەد شەریف سالم زیندانی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لە ورمێ تووشی ڤایرۆسی کورۆنا بووە و بۆ دەرەوەی زیندان ڕاگواستراوە.
تووشبوونی ناوبراو بە ڤایرۆسی کورۆنا لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە مەرەخەسی دابووە و پاش گواستنەوەی سەر لە نوێی بۆ زیندان، ناوبراو لە زیندان تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبێت.
محەممەد شەریف سالم ٤١ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی دزج سەر بە مەرگەوەر لە شاری ورمێیە.
محەممەد شەریف هاوینی ٢٧١٨ی کوردی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بە تۆمەتی هاریکاری حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران پێنج ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێنرا.
ئەم حوکمە مانگی بەفرانبار پاش ناڕەزایی دەربڕینی ناوبراو لە دادگای پێداچوونەوە بۆ سێ ساڵ زیندانی تەعزیری داشکا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان