KMMK:
ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، کۆڵبەرێک بە ناوی کامەران مەولانیا کوڕی ئیسماعیل تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی گوندی “گردمەرشەک”ی سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران گیانی لە دەست دا.
بە گوێرەی هەواڵەکە لە کاتێکدا گرووپێک کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی خاڵی سنووری بەردەپانی سەردەشت لە ڕۆیشتندا بوون و دەکەونە بۆسەی ئەم هێزە چەکدارییە دەسڕێژیان لێدەکرێ و ناوبڕاو بەر فیشەک دەکەوێ و گیانی لە دەست دەدات.
شیاوی باسە کامران مەولانێا خێزاندار و خاوەنی منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵەیە.
کۆماری ئیسلامی لە دوای کپ و کڕ بوون و بێدەنگی جیهان لە بەر هەبوونی ڤایرۆسی کورۆنا زیاتر لە هەر کاتێک دەستی داوەتە کوشتنی کۆڵبەران لە کاتێکدا ئەمانە کاسبکار و تەنیا سەرچاوەی بژێوی ماڵ و خوانی منداڵەکانیانن و هیچ دەرفەت و دەرەتانێکی دیکەیان نییە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۴٠ کۆڵبەر و کاسبکار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون و بەم حاڵەتەشەوە ١۴ کۆڵبەر و کاسبکار بە دەستی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران کوژراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســـــــتان