دەست هەڵگرتن لەخوێندنی نێزیک بە ٤۰۰ قوتابی لەمەریوان

kmmk: ئەورۆ دووشەممە ۲۷ی خاکەلێووەی ئەمساڵ قایمقامی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەریوان، لەیەکەم کۆبوونەوەی شۆرای پەروەردەوفێرکاری ساڵی نوێ(١٣٩٧ی هەتاوی)، باسی دەست هەڵگرتن لەخوێندنی ۳۶۶ قوتابی لەمەریوان کرد.

هەروەها لەدرێژەدا کوتی : گەر دەستهەڵگرتنەکان لەخوێندن بەهۆی کێشەی ماڵی بنەماڵەی قوتابیانەوە بێت لەمەڕ کڕینی کەرەستەی خوێندن وەکوو کتێب و پەڕاو و…دەتوانن بۆکڕینی ئەم کەرەستانە لەلایەن دەوڵەتەوە یارمەتی بنەماڵەکان بدرێت.

ئاستەنگی ئابووری یەکێک لە هۆکارەکانی دەست هەڵگرتن لە خوێندنی قوتابیانی شاری مەریوانە و زۆرینەی بنەماڵەکان بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان دەستوداوێنی گرفتگەلێکی لێک جیاوازن. حکوومەنی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکار وبەدیهێنەری سەرەکی بێکاری وهەژاری لە جوگرافیای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
بەپێی ئامارێکی ساڵی ۱۳۹۵، پارێزگای سنە پاش پارێزگای سیستان وبەلوچستان لەوپەڕی نەخوێندەواری لەخەریتەی نەخوێندەواری لەجوگرافیای ئێراندایە.

پێشووتر جێگری سازمانی “نێهزەتی فێرکاری” ئێران کوتبووی: لەنێوان ۱۸۰وڵاتی جیهان ئێران پلەی ۱۱۱ی لەڕێژەی خوێندەوارییەوە هەیە ولەنێوان ۲۴وڵاتی ناوچەکە پلەی ۱۷ی هەیە.

فێرکاری، هاوشێوەی دەستڕاگەیشتن بەخۆراکی پێویست وهەبوونی پەناگە بۆ هەر کەسێک مافی سەرەکییە. لەمادەی ۲۶ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دیاری کراوە کە پەروەردە وفێرکاری مافی هەر مرۆڤێکە.

بەپێی دۆخی ناجێگری ئابووری وبێکاری سەرسوڕهێنەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەری پەروەردە وفێرکاری منداڵان ڕۆژلەگەڵ ڕۆژ ئاستەنگتر دەبێ و بنەماڵە توانای دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خوێندنی مناڵەکانیان نییە ولەلایەن حکوومەتەوە بۆ سڕینەوەی ئەم کێشانە هیچ دەسپێشخەرییەک نەهاتۆتە ئاراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان