ک.م.م.ک:
بەپێی زانیارییەکان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری مەهاباد بۆ سێ هاوڵاتی بەناوەکانی حاسڵ قەدۆ، عەبدوڵڕەحمان محەممەدی ئەڕشەد و جەماڵ عەلیزادە خەڵکی شاری پیرانشار حوکمی زیندانیان بەسەردا سەپاندن و حوکمەکەیان پێی ڕاگەیاندن.
بەگوێرەی هەواڵەکە، جەماڵ عەلیزادە بەتۆمەتی هاریکاری ڕاگەیاندنەکانی نەیاران بە ٣٠مانگ زیندان، حاسڵ قەدۆ و عەبدوڵڕەحمان محەممەدی ئەڕشەد بەتۆمەتی گردبوونەوە و هاریکاری دژی ئاسایشی وڵات هەرکامیان بە ٤ساڵ و ٦ مانگ مەحکووم کران.
شیاوی باسە، جەماڵ عەلیزادە لە ٢٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئەمنییەتی لە ورمێ بۆ زیندانی حکوومەت لە نەغەدە ڕاگوازرا.
لە کۆتاییدا ئەم هاوڵاتییە لە ٢٣ی ڕێبەندان بەدانانی بارمتەی ٣ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە زیندانی حکوومەت لە نەغەدە ئازاد کرا.
عەبدوڵڕەحمانی محەممەدی ئەڕەشەد و حاسڵ قەدۆـیش بەبۆنەی پشتیوانی و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی شاری پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە هەرکامیان بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی حکوومەت لە نەغەدە ئازادکرابوون.
ق.ش


