KMMK:
بە تێپەڕبوونی سێزدە ساڵ لە بەڵێنی سازکردنی نەخۆشخانەی تەیار بۆ شاری تیکاب، هاوڵاتیانی ئەم شارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا لە هەبوونی نەخۆشخانە لەم شارە بێبەرین.
لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوو، دانیشتوانی ئەم شارە ناچار بوون بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری دەرمانی و پزیشکی سەردانی شارەکانی دیکە بکەن و ئەم پرسەیش بووە بە هۆکاری گیان لە دەستدانی زۆربەی نەخۆشەکان.
سەرەڕای ئەوەی بینای ئەو نەخۆشخاەیەی کە بڕیارە لەم شارە ساز بکرێت، ۹۰ لە سەت لە بواری فیزیکییەوە پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیووە و لە دوا هەنگاوەکانی کۆتاییدایە، بەڵام پڕۆژەکە ڕادەوەستێ و حکوومەتی ئێران کە دەبێ لە زووترین کاتدا تەیاری بکات و ڕادەستی خەڵکی بکات، بەڵام لە بەرپرسیارەتی خۆی دەبوێرێ و خەڵکی ئەو شارە هێشتایش ناچارن بۆ چارەسەری سەردانی نەخۆشخانەکانی شارەکانی دەورووبەر بکەن.
هەر لەم پەیوەندیەدا گەنجانی شاری تیکاب کەمپینێکیان لە فەزای مەجازی ساز کردووە لەوێدا داوایان لە زانستگای پزیشکی ئەو شارە کردوە تا هەرچی زووترە لەهەمبەر تەیارو ئامادەکردنی ئەو نەخۆشخانەیە دەستپێشخەری پێویست بە ئەنجام بگەیەنن.
شیاوی باسە:هەنووکە هەبوونی نەخۆشخانەیەکی تۆکمەو تەیار زۆر گرنگەو حکوومەتی ئێران بەجێی خەرج کردنی تێچووی سەرمایەی خەڵک لە وڵاتانی سووریە، عێراق، یەمەن و… کە لەڕێی پەرەپێدانی تیرۆریزم لە ناوچەکە دەکرێت، ئەم سەرمایانە بۆ خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تەرخان بکرێت. هەنووکە خەڵک لە ئیمکاناتی پێویست و تەواو بایەخمەند دەبوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان