KMMK:
رۆژی شەمە ۱۲ ڕێبەندانی ۲۷۱۹ کوردی، کەسێک بەناوی « شارام کازمیان » کە ماوە بیست و شەش رۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ دەسبەسەر بووە، بۆ گرتووخانەی گشتی حکومەت لەو شارە گوێزرایەوە.
ناوبراو لە رۆژی دووشەمە ۱٦ی بەفرانباری ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە قۆڵبەست و بۆ ئەو ناوەندە بردرابوو.
شارام کازمیان ماوەی ۲۶ رۆژ لە ئیتلاعات لە ژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لێپچینەوەی لێ کرابوو.
بە پێی ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کودستان گەیشووە؛ ناوبراو لە پرۆسەی لێپێچینەوەکەیدا ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کرابوو و هەر وەها بۆ ئەوەی کەسایەتی بڕووخێنن، هێرشی دەروونی و ئەتک کردن و بێ حورمەتی زۆر کرابوویە سەری.
بە پێی هەواڵە کان؛ زیندانی ناوبراو، بە تۆمەتی هاوکاری حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران تاوانبار کرابوو، بەڵام خۆی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەد کردۆتەوە و بە سناریۆی داڕێژراوی ناوەندە ئەمنیەکانی رژیمی ناوزەد کردوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان