ئازادی موژگان کاووسی لە گەڵ مەرەخەسی پەیوەست بە ئازادییەوە

KMMK:

چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، موژگان کاووسی نووسەر، لێکۆڵەر و چالاکی بواری کەلتووری کوردی خەڵکی کەلاردەشتی مازندەران بە مەرەخەسی پەیوەست بە ئازادییەوە لەو زیندانەی لێی ڕاگیرابوو لە کچویی کەرەج ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دادستانی گشتی دادگای گشتی و ئینقلابی پارێزگای ئەلبوورز لە گەڵ مەرەخەسی پەیوەست بە ئازادی ئەم نووسەرە کوردە ڕەزامەندی دا و لە کۆتاییدا ئەم چالاکە کەلتوورییە لە زیندان ئازاد کرا.

موژگان کاووسی، نووسەر و چالاکی کەلتووری ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٩ی کوردی، هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشیان کردە سەری و دەستبەسەریان کرد و لە کۆتایی سەرماوەزدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو بە تۆمەتگەلی ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، بە ٣٣ مانگ زیندان، ورووژاندنی ئاسایشی گشتی بە ٣٠ مانگ زیندان و پڕوپاگەندا دژی دەسەڵات بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کە سەرجەم دەتوانرێ ٣٦ مانگی جێبەجێ بکرێت.


ناوبراو لە ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانەکانی ئێڤین، نەوشەهر، کچویی کەرەج ڕاگوازراوە و بە دەیان جاریش لێپرسینەوە و بێڕێزی پێکراوە.


ئەم توێژەرە یارسانییە، لە ماوەی زیندانییەکەی تووشی ڤایرۆسی کرۆنا بووە و بە بۆنەی نەخۆشی برادی کاردی( هێور لێدانی دڵ) چەندد جارێک داوای چاودێری پزیشکی کردووە و هەر جارەو بە بیانوویەک داواکەی بەرپەرچ دراوەتەوە.

شیاوی باسە کە، موژگان کاووسی دوو جار لە زیندان وەکوو ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە دۆخی خۆی دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.


ناوبراو لە کۆتاییدا بە هاتنە ئارای دەستووری کەم کردنەوەی ئاماری زیندانییەکان و بە پێی ناجێگیری تەندرووستی جەستەیی بە تەرزی مەرەخەسی پەیوەست بە ئازادی لە زیندانی کچویی کەرەج ئازاد کرا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *