ڕاگواستنی بەندکراوی سیاسی کورد ئەیوب ئەسەدی بۆ ژووری تاکەکەسی پاش مانگرتن وڕێگری لەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە

ڕاگواستنی بەندکراوی سیاسی کورد ئەیوب ئەسەدی بۆ ژووری تاکەکەسی پاش مانگرتن وڕێگری لەگواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە

بەپێی ڕاپۆڕتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەندکراوی سیاسی کورد ئەیوب ئەسەدی کە۲۰ ساڵ حوکمی بە سەرداسەپێنراوە لەڕێکەوتی ۱۷ی جۆزەردانەوە بۆناڕەزامەندی دەربڕین دژبە پەسن نەکردنی داواکاریەکەی بۆپشوو(مورەخەسی)لەلایەن دادستانی کاشمەر لەپارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دەستی داوەتە مانگرتن لەخواردن (تەڕ).

ئەیوب ئەسەدی پاش ۱٦ڕۆژ مانگرتن لەخواردن تووشی کزی ولاوازی جەستەیی ودابەزینی زەختی خوێن بووەو پێویستی بە ڕاگوێزانە بۆنەخۆشخانە وپێڕاگەیشتنی تایبەتە بەڵام نەتەنیا بۆنەخۆشخانەیان نەبردووە بەڵکو لەژووری تاکەکەسییان ئاخنیوە بۆئەوەی وازلە مانگرتنەکەی بێنێ.
کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لەئێران لەڕاپۆڕتێکی پێوەندیداردا کوتویەتی :(بەشی تەندروستی زیندانی کاشمەر پاش پشکنینی دۆخی جەستەیی ئەیوب ڕایگەیاندووە کەپێویستە بۆچارەسەری ڕاگوێزی نەخۆشخانە بکرێت بەڵام دادستانی کاشمەر تائەم دەمە ئیزنی نەداوە،دادستانی کاشمەر بەکەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەیووبی کوتووە تائەو دەمەی ئەو درێژە بە مانگرتن لەخواردن بدات لەژووری تاکەکەسی دەمێنێتەوە یان هەرلەوێ دەمرێ.)

ئەیوب ئەسەدی کەبە تاوانی هاریکاری کردنی حیزبی کۆمەڵە ۲۰ساڵ زیندانی ومەنفای بۆزیندانی کاشمەر بەسەردا سەپێنراوە. لە کاتی قۆڵبەسترانییەوە ۲٥ی جۆزەردانی۱۳۹۰تابە ئێستە تەنیا جارێکیش پشووی پێ نەدراوە:(ئەم بەندکراوە کوردە نەخۆشی بڕبڕەی پشت”دیسک کمر”و دمژ”ئاسم”ی هەیە ،بەدەیان جاری داوای چارەسەری لە دەرەوەی زیندان کردووە.بەڵام بەرپرسانی زیندان کوتوویانە بەهۆی هەستیاربوونی دۆسیەکەی ئیزنی چوونەدەری لە زیندان نییە.)
ئەیوب ئەسەدی ڕێکەوتی ۲٥ی جۆزەردانی ۱۳۹۰ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە دەوروبەری گوندی بوریەر سەربە ناوچەی سەوڵاوا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆڵبەست کراو وڕاپێچی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لەشارسنە کرا وبۆماوەی دومانگ توشی لێپرسینەوەو ئەشکەنجە ی قورس وەکوو لێدانی بە قامچی وکێبڵ لەسەر وژێرپێ وهێلکەگونی بووەتەوە.
هەروەها ناوبراو پاش سێ جار دادگایکردن لە کەرتی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی ڕێکەوتی ۲۷ی خەرمانانی ۱۳۹۱بە تۆمەتی هاریکاری حیزبی کۆمەڵە ۲۰ساڵ زیندانی ومەنفای بۆزیندانی کاشمەر بەسەردا سەپێنرا.ئەم بەندکراوە ڕێکەوتی ۲٨ی خاکەلێوەی ۱۳۹۲لە بەندیخانەی ناوەندی سنە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی مەنفاکەی ئەسپاردەی زیندانی کاشمەرکرا.

بەرپرسانی زیندان پێیان ڕاگەیاندووە کەتا تێپەڕکردنی دە ساڵی یەکەمی حوکمەکەی ئیزنی چوون بو پشووی نییە.
ئەیوب ئەسەدی چەندد ڕۆژ پێش مانگرتنەکەی لەڕێگەی نامەیەکەوە بە بەرپرسانی زیندانی کاشمەری ڕاگەیاندووە ،گەر ئیزنی چوون بۆپشووی پێ نەدرێ ، دەست دەداتە مانگرتن لە خواردن.ئەوانیش پییان ڕاگەیاندبوو دەست نەداتە مانگرتن تابزانن دەرەئەنجامی کۆبوونەوەی بەرپرسان دەبێ بەچی.بەڵام ڕێکەوتی ۱٦ی جۆزەردان دادوەری چاودێری زیندان بە ئەیوبی ڕاگەیاند کە، دەرەنجامی ڕای دادستانی کاشمەر ونووسینگەی پاراستنی ئیتلاعاتی سپای مەشهەد تاکۆتایی دەساڵی یەکەمی حوکمەکەی پشووی پێ نادرێ.ڕۆژێک پاش ئەم بڕیارە ئەیوب دەستی دایە مانگرتن.)
ماڵباتی ئەسەدی لەشاری مەریوانی پارێزگای سنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژین وهاتوچۆ بۆشاری کاشمەر وچاوپێکەوتنی ئەیوب بەشێوەی بەردەوام قورس وتێچووی زۆری دەوێ،هەربۆیە چەندین جار داوایان کردوو کە منداڵەکەیان بگوازنەوە بۆ زیندانی سنە بەڵام بەرپرسان وڵامیان نەداونەتەوە.)

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان