بەپێی ڕاپۆڕتێک کە بەکۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە ڕۆژی دوشەممۆ 29ی جۆزەردان هاشم ڕۆستەمی چالاکی کرێکاری شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنی ئینتزامییەکانەوە کە جلی مەدەنییان لەبەردابوو دەسبەسەرو بۆشوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بەگوێرەی ڕاپۆڕتەکە هەرئەو ڕۆژە بنەماڵەکەی بۆئاگاداربوون لەدۆخی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندی هەواڵگری ئیتلاعاتی سنەیان کردووە بێ وەڵام گەڕاونەتەوە. سەرلەبەیانی ڕۆژی دۆایی بۆجارێکیتر سەردانی ئەو ناوەندە دەکەنەوەو پێیان دەکوترێ کە لێرەیەو بەبێ ئەوەی لەچییەتی تاوانەکەی بدوێن ، وەدەریان دەنێن وتەنانەت ڕێگەی ئەوەشیان پێ نادرێ لەڕێگەی تلەفۆنیشەوە قسەی لەگەڵ بکەن.
هەرلەم پێوەندییەدا کۆمەڵێک لەچالاکانی کرێکاری شاری سنە لەڕاگەیەندراوێکدا لە هەواڵی دەسبەسەرکردنی هاشم ڕۆستەمی چالاکی کرێکارییان ڕاگەیاند وئاماژەیان داوە ناوبراو لە چالاکانی کرێکاری ئێران وکوردستانە وتاوانی ئەو تەنیا بەرگری لەمافی کرێکاران، ژنان ، منداڵانی کارو ژینگەپارێزی بووە.
هەروەها لەدرێژەی باسەکەدا هاتووە ،بەپێی ئەوەی ناوبراو کەسێکی بەساڵاچووە، پەرۆشی دۆخی تەندروستی ئەون و دەزگای ئەمنی لەهەمبەر تەندروستی ئەوەوە بە بەرپرسیار دەزانن..
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوە کە داوا لەهەموو ڕێکخراوە وسەندیکا کرێکاریی وکۆمەڵایەتی وچالاکانی بزوتنەوەی کرێکاری وبزوتنەوە کۆمەڵایەتی وپێشکەوتووەکان کراوە بۆپشتیوانی لە ئازادی هاشمی ڕۆستەمی وهەموو چالاکانی کرێکاری یەکگرتووانە له تێکۆشاندابن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


