دوای 22 ڕۆژ لە مانگرتن لە خواردن تەندروستی عەبدوڵاهی لەمەترسیدایە
مانگرتن لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران بەرامبەر نادادی و زەخت و زۆریەکان بەردەوامە، زیندانیەکی سیاسی کورد بەهۆی مانگرتن دۆخی ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، محمەد عەبدوڵاهی تەمەن ٣٥ ساڵان، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی ناوەندی ورمێ و خەڵکی شاری بۆکان، ماوەیەکە سزای سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە.
مەحمەد عەبدوڵاهی بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەبەرامبەر سزاکە، ٢٢ ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و ١٣ ڕۆژیشە لە زیندانی تاکە کەسی دایە.
تا ئێستا هیچ وەڵامێک بە مانگرتنەکەی عەبدوڵاهی نەدراوەتەوە، هەربۆیە لە مانگرتنەکەی بەردەوام دەبێت، هەروەها ڕایگەیاندبوو کە پلەی گەرمای جەستەی عەبدولاهی زیادی کردووە و دەبێت بۆ پاراستنی تەندروستیەکەی بە زووترین کات بەڕێ بکرێت بۆ نەخۆشخانە.
محەمەد عەبدوڵاهی لە ٢٩ ئایاری ٢٠١٦دا بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵە بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران، سادق لاریجانی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد، ئەو ڕوونووسێک لە نامەکەی ناردووە بۆ پەیامنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران ئەحمەد شەهید، و تیایدا نوسیویەتی: تا پێداچوونەوە بە سزاکەی نەکرێت کۆتایی بە مانگرتنەکەی ناهێنێت.
لە نیسانی ٢٠١٤ بەڕەسمی سزای سێدارە لەلایەن دادگای مەهابادەوە بە محەمەد عەبدوڵاهی ڕاگەیێندرا، دەوترێت کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ناوبراو لەگەڵ سامان نەسیم و دوو زیندانی تر کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە بانگ کران و بە نهێنی پێیان راگەیێندراوە کە بە زوویی لە سێدارە دەدرێن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


