هەرەشە لە دوو گیراویی سیاسی کورد دەکرێ

بە پێی گوزارشی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، چەند رۆژ لەمەوبەر ناوەندی تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات لە گرتوخانەی ناوەندی ورمێ بانگهێشتی دوو گیراویی سیاسی کورد دەکەن و بە هۆیی هاتوچۆیان بۆ بەندی گیراوە سیاسیەکان هەرەشەیان لێ دەکەن و پێیان دەوترێ لە ئەگەری دوبارەبوونەوەی پێوەندیان بە گیراوە سیاسیەکانی تر، پەروەندەی نوێیان بۆ ساز دەکەن و بگرە ماڵباتەکانیشیان دەسبەسەر دەکەن.

لەو گوزارشەدا هاتوە، رۆژی پێنج شەممە ۲۷ جۆزەردان، کەسێک بەناوی عەلی رەزا لە بەرپڕسانی ئیتلاعات لە گرتوخانەی ناوەندی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی کامران جەعفەری گیراوی سیاسی کورد لە بەندی ۱۳ ئەو گرتوخانەیە دەکات، ناوبراو چوون بانگهێشتەکەی فەرمی نەبووە، وەڵامی بانگهێشتەکە ناداتەوە، بەڵام کاربەدەستانی گرتوخانە بە زۆری ناوبراو دەبەنە دەفتەری ئیتلاعات.

ئەو بەرپڕسەی ئیتلاعاتە لە قەومەکانی قازی بور نوێنەری ئێستاکەی شاری ورمێیە و وتویەتی ، لەئەگەری دوبارەبوونەوەی پێوەندی کامران جەعفەری بە گیراوانی سیاسی دیکە، پەروەندەی نوێی بۆ ساز دەکات.

هەروەها، رۆژی شەممە ۲۹ جۆزەردان، مەحمەد برۆکی میلان لە بەندی ۱۰وە بانگهێشتی ژووری ئیتلاعات دەکرێت و ئەویش هەر بەو بیانۆیانە دەکەوێتە بەر هەڕەشە و پێی دەوترێ جیا لە پەروەندەی نوێ، ماڵباتەکەشی دەسبەسەر دەکەن.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، مەحمەد برۆکی میلان و کامران جەعفەری گەلارێزانی ساڵی ۱۳۹٤ شەمسی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(PJAK) دەسبەسەر کراون و تا ئێستا بێ ئەوەی کە چارەنووسیان دیاری بکرێ هەر له گرتوخانە دان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان