گیان لەدەستدانی کۆڵبەرێک بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی

KMMK:

پێنج شەممە ۲ی خەزەڵوەری ۲۷۱۹ی کوردی، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ و ڕاوەدونانی هێزە سنوورییەکانی سپای پاسداران لە سنووری نەوسوودی کرماشان کۆڵبەرێک بەناوی «جەواد ڕۆستەم نەژاد» خەڵکی گوندی شمشێر سەر بە شاری پاوە لە بەردەڵانێکەوە کەوتۆتە خوارەوە و گیانی بەخت کردووە.

بە گوێرەی سەرچاوە هەرێمییەکان: لە شەوی پێنج شەممە گرووپێک کۆڵبەر لە حاڵەتی ڕۆیشتن لە ناوچەی سنووری نەوسوود بوون کە لە لایەن بۆسەی هەنگی سنووری سپای پاسدارانەوە هێرشیان کرایە سەر و تەقەیان لێکرا و لە کۆتاییدا ئەو کۆڵبەرە لە کاتی هەڵهاتن لە ترسی تەقەی سەربازانی حکوومەتی ئێران لە بەرزاییەوە دەکەوێتە خوارەوە و گیانی لە دەست دەدات.

شیاوی باسە؛ کۆڵبەری کوژراو ۲۷ ساڵ تەمەنی بووە و خێزاندار و خاوەندی دوو منداڵی بچووکە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۱۱۸ کۆڵبەر لە ڕێی تەقە هێزە سنوورییەکانی ئێران بریندار و بە هەژماری ئەم کۆڵبەرە ۶۰ کۆڵبەریش کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: