KMMK:
ڕۆژی چوارشەممە یەکی خەزەڵوەری ۲۷۱۹ی کوردی، نووسەر و توێژەری کورد “ئەمین ماسووری” خەڵکی خوڕەم ئاوا لە پارێزگای لۆڕستان بۆ تێپەڕاندنی زیندانییەکی ڕاپێچی زیندان کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە کە هێرانا پشتڕاستی کردۆتەوە ناوبراو ڕێکەوتی ۲۶ی بەفرانباری ۲۷۱۷ی کوردی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش دە ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتووخانە ،گواسترابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندی خوڕەم ئاوا و پاشان ۱۴ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
شیاوی باسە ئەمین ماسووری نووسەری بەرهەمەکانی وەکوو ” فەرهەنگی وشەی موزیکی لۆڕستان، فێرکاری دەهۆڵ، و ستران بێژانی زاگرۆسی یە، هەروەها ناوبراو بەرپرسی ناوەکی وەرزنامەی ” ڕەخنەی کتێبی هونەر، ڕێوەبەری بەرپرسیارەتی حەوتوونامەی ناوچەیی ” چزووی قەڵەم (نیش قلم) و ڕێوەبەری بنکەی هەواڵگری ” چۆپی” یش بووە.
ناوبراو پێشووتر لە لایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خوڕەم ئاوا دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا بوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان