ورمێ: مانگرتنی بەردەوامی ۵ زیندانی لە ناڕەزایەتی دژ بە دۆخی ناجێگیری تەندرووستی

KMMK:

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی گەیشتوون ” قادر سەلیمی، مستەفا سەبزی، ڕەحمی تورگووت، بەشیر پیرماوانە و محەممەد پیشبین” لە ناڕەزایەتی دژ بە ڕەوشی ناجێگیری تەندرووستی خۆیان لە مانگرتن لە خواردنی بەردەوامدان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە ۱۲ی گەلاوێژی ۲۷۱۹ی کوردی، پەیمان میرزازادە پاش ۶ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن هــێنا.

بەڕێز میرزازادە لە ناڕەزایەتی بە بڕینەوە و جێبەجێکردنی حوکم قامچی و زیندانی کردن کە لە بری تۆمەتی ” سوکایەتی بە پیرۆزییەکان ” و ” خواردنەوەی مەشرووب” لە لایەن لقی ۱۱۰ی دادگای گشتی ئێران لە ورمێ دژ بەوان دیاری کرابوو، لە ڕێکەوتی ۶ی گەلاوێژ دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن.دوابەدوای ئەم ڕووداوە سازمانی لێبوردەیی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا جێبەجێکردنی حوکمی قامچی (فەلاقە)ی ئەم زیندانییە سیاسییەی مەحکووم و خوازیاری ئازادی بێ مەرج و ئەولاو ئەولای ناوبراو ببوو.

هاوکات مانگرتن لە خواردنی قادر سەلیمی، مستەفا سەبزی، ڕەحمی تورگووت، محەممەد پیشبین و بەشیر پیرماوانە درێژەی هەیە.
بە پێی ووتەی ئەم سەرچاوە بڕواپێکراوە دۆخی جەستەیی ئەم زیندانیانە ڕوو لە خراپ بوونە، بەم حاڵەوە بەرپرسانی زیندان بەرانبەر بە داواکارییەکانیان خەمساردن.

مانگرتن لە خواردنی ئەم زیندانیانە بە گشتی لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندان بە نیسبەتی داواکارییەکانیان وەکوو؛ گواستنەوەیان بۆ زیندانی زێدی خۆیان، ڕێگەدان بۆ پشووی دەرەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیان و ئازادی مەرجدار هاتۆتە ئاراوە. لەم نێوەندە ڕەحمی تورگووت، زیندانی سیاسی کورد خەڵکی باکووری کوردستان نەگواستنەوەی بۆ باکووری کوردستان و تورکیای وەکوو یەکێک لە هۆکارەکانی مانگرتنەکەی ڕاگەیاندووە.

شیاوی باسە کە پێشووتر پاراستنی زیندان ئەو زیندانیانەی مانیان گرتبوو بانگهێشت کردووە و فۆڕمگەلێکی پێ پڕ کردوونەتەوە لەمەڕ ئەوە بەرپرسیارەتی تەندرووستی ئەوان لە ئەستۆی ئەوان نابێت لە ئەگەری درێژەدان بە مانگرتن لە خواردنیان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: