ئارام زەفەری لە کاتی قۆڵبەست کردنیەوە بێ سەر و شوێنە

KMMK:

گەنجێکی خەڵکی کامێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەناو “ئارام زەفەر” کە لە بەڕواری ۲٨ سەرماوەزی ۲۷۱٥ کوردی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئێرانەوەگیراوە، بێ سەر و شوێنە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

ئارام زەفەری لە دایک بووی ۲۲ خاکەلێوەی ۱۹۹۲ و هەڵگری بڕوانامەی دبلوم لە زانستی کامپیوتەر، لە زانکۆی رامسەر و بکارلیۆسی مێعماری لە زانکۆی ئازادی سەقزە. ناوبراو لە دوای کۆتایی هاتنی خوێندن، لەبەر بێکاری روو دەکاتە دەسفرۆشی و دوای ماوەیەک بۆ بژێوی ژیانی خۆی و یارمەتی باوکە کرێکارەکەی سێ تەگەرییەک دەکڕێت و لە کامێران دەست بە فەلافل فرۆشی دەکات.
ناوبراو لە بەڕواری ۲٦ سەرماوەزی ۲۷۱٥ بۆ کرێنی هەنێ پێداویستی سێ تەگەرەکەی روودەکاتە بۆکان و میاندواو، دوای ژۆرێک لە سەفەرەکەی لە لایەن ئیدارەی ئتلاعاتی ئێران لە سنە وە باوکی ئاگادار دەکرێتەوە سەبارەت بە رادەست کردنی کوڕەکەی بەم بنکە ئەمنیەی ئێران.
دوای ئەوەی باوکی ئارام ژمارە تەلەفوون و ناونیشانی ئارام دەدات بە هێزە ئەمنیەکان لە رۆژی ۲٨ سەرماوەز، ئارام بێ سەر و شوێن دەبێت. لە بەدوادا چوونەکانی باوکی ئارام دا بۆی دەردەکەوێت کوڕەکەی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە گیراوە، بۆیە روو لە دادوەری گشتی حکوومەتی ئێران لە سنە دەکات و لە لایەن ئەویشەوە دڵنیا دەکرێتەوە ئارام قۆڵبەست کراوە و لە دوای وەرگرتنی هەنێ زانیاری ئازاد دەکرێت. بەڵام بەڵێنی دام و دەزگای دادوەری سەر ناگرێت و جارێکیتر و ئەم جارە ئەنور زەفەری ــ باوکی ئارام ــ پەنا بۆ ئەحسەن علوی ـ نوێنەری سنە و کامێران و دیواندەرە لە پارلمانی ئێران ـ دەبات و ناوبراویش دوای بەدواداچوونێکی زۆر کاک ئەنوەر ئاگادار دەکاتەوە ئارام لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ دایە.
سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەو کەسووکاری ئارام دڵنیان کە ئارام لەلایەن هێزەکانی ئتلاعاتەوە گیراوە و لەلایەن نوێنەری پارلمان و دادوەری گشتی حکوومەت لە شاری سنە شەوە ئەم کەیسە سەرڕاست کراوەتەوە بەڵام بنکە ئەمنیەکان و ئیدارەی ئتلاعات رەتی دەکەنەوە و دەڵێن لە رۆژی ۲٨ سەرماوەزی ۲۷۱٥ لە دوای دەست بەسەر کردنی ناوبراو ، ئازاد کراوە و ئێمە ئاگامان لێی نییە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە نوێنەری پالمان و داواکاری گشتی سنە ئەوەیان سەرڕاست کردووەتەوەکە ئارام لەلایەن هێزەکانی ئتلاعاتەوە گیراوە و دواتر ڕادەستی گرتووخانەی حکوومەتی ئێران لە ورمێ کراوە.
شیمانەی ئەوە دەکرێت ئارام زەفەریش بەو لیستە کە کەوتوونەتە بەر رک و قینی حکوومەتی ئێرانەوە زیاد بکرێت. حکوومەتی ئێران هەنێ کات لەو جورە پیلانانە هەمبەر بە دژبەرەکانی کەڵک وەر دەگرێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

پەیوەندی
@KMMKADMIN
تێلگرام
@KMMKKURDISTAN