نەتەوە یەكگرتووەكان: توركیا بەچەكی قورس هێرش دەكاتە سەر كوردستان
بەرپەسی باڵای مافی مرۆڤ زەید رەعد حوسەینی، هێرشی قڕكردن و کۆمەڵکوژکردنی كوردی لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە خستە رۆژەڤەوەو ئاشكرایكرد كە دەوڵەتی توركیا لە كوردستان چەكی قورسی بەكارهێناوە.
٣٢هەمین دانیشتنی كۆنسەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان لەشاری جەنەرڤەی سویسرا دەستیپێکرد، بڕیارە تا ١-٧-٢٠١٦ بەردەوامی هەبێت، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا زەید رەعد حوسەینی، بەرپرسی باڵای مافی مرۆڤ وتارێكی پێشكەش كرد.
لەوتارەکەیدا حوسەینی وتی:”توركیا لەناوچەی نوسەیبین چەكی قورسی بەكارهێناوە و كاتێك لە دیمەنە ڤیدیۆییەكانەوە ئەو هێرشانە دەبینین، بۆمان دەردەكەوێت كە بەشێیك زۆری ئەو ناوچانە وێران بوون”.
وتیشی:”لەسەر پێشێلكردنی مافی ژیان و پێشێلكردنی مافی نێونەتەوەیی لە باشوری رۆژهەڵاتی توركیا، پێش ئێستاش ئێمە لەوبارەیەوە زۆر لێدوانمان داوە و بیروبۆچوونی خۆمان بڵاوكردۆتەوە و زۆر راپۆرتمان داوە”.
ئەو بەرپرسەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکرد کەدەیانەوێت شاندێكی سەر بە ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکان بچێتە تورکیا و لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوە بكات، لەوەشدا كردنەوەی رێگە لەبەردەم پێكهێنانی لێكۆڵینەوە گرنگە.
كۆبوونەوەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتووەكان، بەبەشداری نوێنەری دەیان وڵات و هێز و دامەزراوەی مەدەنی بەڕیوەدەچێت.