هاوسەرۆک و ٦۱ ئەندامی دیکەی DBP لە گرتوخانە دان

دەمیر چەلیک بریکارى هاوسەرۆکى دەبەپە لە نووسراوەیێک  ڕایگەیاندوە: “لە ئەنقەرە سەردانى ٢٢ هۆڵمان کردوو و ئامادە نەبوون یەکێک لەو هۆڵانەمان پێ بدەن، بۆیە لەبەر بچووکى و کەمیى شوێن لە هۆڵەکەدا داواى لێبوردن لە ئێوەى بەشداربوو دەکەم، بەڵام سەربارى ئەوەش ئێمە بە بڕیارین لەسەر بەڕێوەبردنى کۆنگرەکەمان”.

ناوەندی هەواڵی NRT لە هەواڵێک لەمبارەوە ئاماژە دەکەت، لە کۆنگرەى نوێى دەبەپەدا، هەر یەک لە کامەران یوکسەک و سەباحت تونجەل بۆ هاوسەرۆکایەتیى ئەو حزبە هەڵبژێردران. کامەران یوکسەک پێشتریش هاوسەرۆکیى ئەو حزبەى لەگەڵ ئەمینە ئاینادا دەکرد و بەپێى ئەنجامى هەڵبژاردن سەباحەت تونجەل لە بریى ئەمینە ئاینا وەک هاوسەرۆکى نوێ لەگەڵ کامەران یوکسەک هەڵبژێردرا.

بەڕێوەچوونى کۆنگرەى دەبەپە لە کاتێکدابوو، کە کامەران یوکسەک هاوسەرۆکى ئەو حزبە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە لە ڕۆژى ١٠ى ئایارى ٢٠١٦ لە شارى ئامەد دەستگیر کرا و لە ماوەى سێ ڕۆژدا دادگایکرا و دوورخرایەوە بۆ زیندانى ئەدەنە. هەروەها ٢١ ئەندامى ئەنجوومەنى دەبەپە، ٢٢ سەرۆک شارەوانى و ١٨ بەرپرسى ئەو حزبە لە زینداندان.

بەپێى لێدوانى بەرپرسانى دەبەپە هۆکارى دەستگیرکرانی کامەران یوکسەک بە ماوەیەک پێش بەڕێوەچوونى کۆنگرەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو کارەکانى کۆنگرەى دەبەپە سەر نەگرێت و کۆنگرەکە شکست بهێنێت. بەپێى ئاژانسى هەواڵى دیجلە کامەران یوکسەک لە زیندانەوەى پەیامى بۆ کۆنگرەى دەبەپە ناردووە.

لە کۆنگرەى چوارەمى نائاسایى دەبەپەدا باس لە هێرشی نوێی تورکیا بۆ  باکوورى کوردستان و شەری شارەکان و پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ و پێداگرى لەسەر بەردەوامیى دان بەکارەکانیان بۆ دامەزراندنى هەرێمە دیموکراتییەکان کرا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان