۷ساڵ و شەش مانگ زیندان بۆ ئیدریس باڵوکەن پەسەند کرا

KMMK:
دادگای ناوچەیى بە تۆمەتى “ئەندامی رێکخستن بوون” سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیى بۆ ئیدریس بالوکەن پەرلەمانتاری شاری ئامەد دەرکردبوو. ئەو سزایە لەلایەن لقی ١٦ی دادگاى باڵاى تورکیاوە پەسەند کرا.

لقی ٨ی دادگای سزا قورسەکانی تورکیا لە ئامەد، باکووری کوردستان، رۆژی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ بە تۆمەتى “ئەندامبوون لە رێکخستن دا” سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانى و بە تۆمەتى “پڕوپاگەند بۆ رێکخستن” ٤ جار سزای ٤ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی و بە تۆمەتى “دژایەتیکردنى یاسای رێپێوان و خۆپیشاندانەکان” ٤ جار سزای ٤ ساڵ و ٧ مانگ زیندانى بۆ ئیدریس بالوکەن پەرلەمانتاری هەدەپەى ئامەد و ئەندامى شاندی دانوستانى ئیمراڵی دەرکردبوو.

پارێزەرانى ئیدریس بالوکەن تانەیان لە بڕیارەکەى دادگا دا و دواتر لقی ٤ی دادگای ناوچەیى تورکیا لە دیلۆک لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٨دا هەمان بڕیارەکانى دادگای ئامەد-ی پەسەند کردبوو.
سەرباری هەوڵی پارێزەرەکانى بالوکەن، بەڵام ئەمجارەیان دادگاى باڵاى تورکیا سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیى بەسەر بالوکەن دا سەپاند.
حکومەتی تورکیا لە هەوڵی چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژ کردنی کوردان دایە و شەری هەمە لایەنەی دژی گەلی کوردستان پەرە پێداوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان