لێبوردنى نێودەوڵەتى: ئەوەى لە ناوچەى سوورى ئامەد ڕوویداوە ترسناکە

لێبوردنى نێودەوڵەتى: ئەوەى لە ناوچەى سوورى ئامەد ڕوویداوە ترسناکە

جۆن دالهویسن بەڕێوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ڕایگەیاند، ئەوەى لە ناوچەى سوورى ئامەد ڕوویداوە ترسناکە و تا ئێستاش ڕێگا بە کەس نادرێت سەردانى ناوچەى سوور بکات.

٢١ى مه‌ی ٢٠١٦ جۆن دالهویسن لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى تویتەر بڵاویکردەوە، ئەوەى لە ناوچەى سوروى ئامەد ڕوویداوە ترسناکە و بەپێى ئاژانسى هەواڵى دیجلە دەستەواژەکانى “بۆردومانکراوە، سەروبن کراوە، بە زۆر دەستى بەسەرداگیراوە” بۆ باردۆخى ناوچەى سوورى ئامەد بەکارهێناوە.

ناوه‌ندی هه‌واڵ و راگه‌یاندنی NRT له‌ گوزارشێک له‌م باره‌وه‌ باسی ئه‌و روداوه‌ و را و نه‌زه‌ری ئه‌و رێکخراوه‌یه‌ ده‌کات.

کۆمه‌له‌ی مافی مرۆڤی کوردستان گوزارشه‌که‌ وه‌ک خۆیی بڵاو ده‌کاته‌وه‌: هاوکات سالى شیتى بەڕێوەبەرى گشتیى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستى ئینتەرناشناڵ)، جۆن دالهوسین بەڕێوەبەرى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى و هەروەها ئەندرۆ گرادنەر بەرپرسى لێبوردنى نێودەوڵەتى سەردانى بەشێک لە ناوچەى سوورى ئامەدیان کردووە.

ئەو شاندەى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتی لە ئامەد چاویان بە والیى ئامەد، سەرۆک شارەوانیى ئامەد و تورکان ئەلچیى هاوژینى تاهیر ئەلچیى سەرۆکى کۆمەڵەى پارێزەرانى ئامەد کەوتووە، کە لە ڕۆژى ٢٨ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥ لە کاتى کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسى لە دژى وێرانکردنى بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانى ناوچەى سوورى ئامەد لەلایەن سوپاى تورکیاوە، لەلایەن چەند کەسێکەوە “تیرۆرکرا” و تا ئێستا دۆسیەکەى یەکلایى نەبووەتەوە.

جۆن دالهویسن ژمارەیەک وێنەى لەو ناوچانەى سوورى ئامەد بڵاوکردووەتەوە، کە تا ئێستا حکومەت و هێزە ئەمنییەکانى تورکیا ڕێگا نادەن کەس سەردانى ئەو ناوچانە بکات.

بەڕێوەبەرى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى ئەوەشى نووسیوە “لە شەش گەڕەکى ناوچەى سوورى ئامەددا ٢٤ هەزار کەس ژیانیان بەسەر دەبرد، بەڵام ئێستا کەسى تێدا نەماوە”.

لە کۆمێنتێکدا کە لەسەر یەکێک لەو وێنانەدا کە بڵاویکردووەتەوە، باسى ئەوەیکردووە “لە دواى ئەوەى خەڵک بە زۆر ڕاگوێزراوان خانوەکانیان بە بلدۆزر تەخت کراوە”.

هەروەها وێنەیەکى لە مەنارەى مزگەوتى چوار لنگ لە پێش پێکدادانەکان و لە دواى پێکدادانەکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتى “قەدەغەى هاتووچۆ بەسەر شارى ئەڕواحدا سەپێنراوە”.

لە ڕۆژى ٢ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٥ەوە تا ئێستا قەدەغەى هاتووچۆ لە ناوچەى سوورى ئامەد بەردەوامە و ئەو ماوەیەش دەکاتە ١٧٢ ڕۆژ. لە دواى ڕاگەیاندنى قەدەغەى هاتووچۆ لەلایەن حکومەت و سوپاى تورکیاوە لە ناوچەى سوورى ئامەد بۆ ماوەى ٩٩ ڕۆژ چەندین پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانى سوپاى تورکیا و شەڕڤانانى یەپەسە لەناوچەى سوورى ئامەد ڕوویدا.

لە دواى ٩٩ ڕۆژ لە پێکدادانەکان ئۆپراسیۆنى سەربازییەکانى سوپاى تورکیا لە ناوچەى سوورى ئامەد کۆتاییان پێهاتووە، بەڵام قەدەغەى هاتوچۆ لەو ناوچەیە تائ ێستاش بەردەوامە.

هەروەها میدیاکان ڕۆژى ١١ى نیسانى ٢٠١٦ بڵاویانکردەوە، کە سوپاى تورکیا پێنج خوێندنگەى لە ناوچەى سوورى ئامە کردووە بە بنکەى سەربازى و خوێندکارەکانى بۆ دەرەوەى ناوچەى سوورى ئامەد گواستراونەتەوە.

حکومەتى تورکیاش ڕایگەیاندبوو، ناوچەى سوورى ئامەد ئیستیملاک دەکەن و دانیشتوانى ئەو ناوچەیە ڕادەگوێزن و ناوچەکەش دەکرێت بە موڵک گشتى، یان موڵک حکومەت. ئەوەش کاردانەوەى ڕێکخراوەکان و سەرۆک شارەوانیى ئامەد و هەدەپە و دەبەپەى لێکەوتەوە.

ڕێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ لە تەمموزى ساڵى ١٩٦١ لە بەریتانیا دامەزراوە. بارەگاکەى لە شارى لەندەنى پایتەختى بەریتانیایە. چاودێریى دۆخى مافى مرۆڤ لە وڵاتانى جیهاندا دەکات. زیاتر لە ٣ ملیۆن کەس ئەندام و هاوکارى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتییە. دروشمى ڕێکخراوەکە ئەوەیە “باشترە لە بریى نفرەتکردن لە تاریکى مۆمێک دابگیرسێنرێت”. ڕاپۆرتەکانى ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لەبارەى پێشێلکارییەکانى مافى مرۆڤ گرنگیى تایبەتییان هەیە لە سەر پێگەى وڵاتان و دەسەڵاتە خوجێیەکان. ڕاپۆرتەکانى ئەمنستى وەک بەڵگەى بڕوا پێکراو لە دۆسیە جۆراجۆرەکاندا کارى پێدەکرێت