دوو چالاکی سیاسی کورد دەرفێندرێن و لە دوایی دا لە نزیک شارۆچکەی پێنجوێن تیرۆر دهکرێن، دوایی تیرۆر کردنی ئەو دوو چالاکە سیاسیە، تەرمەکانیان لە نزیک پێنجوێن دۆزراونەتەوە.
دوێنێ، چوارشەممە 13/4/2016 لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە باشووری کوردستان، دوو وڵاتپارێز و چالاکی سیاسی بەناوەکانی وەستا سەدیقی ساڵیئاوایی و کەمالی شێخ سادە لە کاتژمێری 6 ئێوارە لەلایهن کەسانێکی نەناسراوەوە رێفێندراون.
بە پێی هەواڵەکان و گوزارشی ناوەندی هەواڵی رۆژنیوز،پاش ماوەیەکی کورت و لە کاتژمێر 7 بۆ 7:10 خولهکی ئێواره تەرمی سەدیقی ساڵیئاوایی بە کوژراوی لە نزیک دوورڕیانی گوندی نزارە (نزیک چۆمی گەورەی پێنجوێن) دۆزرایەوە کە شوێنی ههشت گولـله دەمانچەی پێوە دیارە و کاتژمێر 3:00 ی پاش نیوهڕۆی ئهمڕۆش تهرمی کەمالی شێخ سادە، ههر لهودهوروبهره دۆزرایهوه.
جێگای ئاماژەیە، کەمال شێخ سادە ( کهماله خڕه) یەکێک لە کەسایەتییە ناسرەوەکانی ئەو هەرێمەیە کە چەندین ساڵە وەک وڵاتپارێز و چالاکی سیاسی تەڤگەری کۆما جێواکێن کوردستان دەناسرێت و لهساڵی 2013 لهسهر لیستی پارتی چارهسهری دیموکراتی کوردستان کاندیدبوو بۆ پهرلهمانی ههرێمی کوردستان، پێش ئهم رووداوەش چەندین جار لە لایان هێزە ئەمنی و ئیستخباراتیەکانی رژێمی ئیسلامی ئێرانەوە بە کوشتن و رفاندن هەڕەشەی لێکراوە و پلانی بۆ داندراوە، تەنانەت ساڵی پاریش جارێک تەقەی لێکراوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، وێرایی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو دوو شەهیدە و گەلی کوردستان، ئەو کردەوە دژە مرۆڤیە ئیدانە دەکات و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لێکۆڵینەوەی تەواو و گونجاو لەو بابەتە بکات.
جێی وەبیرهێنانەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە کات و ساتی جیاواز دا بە دەیان کادر و پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە باشووری کوردستان دەمێننەوە، تێرۆر کردوە، زۆربەی ئەو تیرۆرانە کە لە باشووری کوردستان روویان داوە، بێ لێکۆڵینەوە پەردە پۆش کراون.
تیرۆری ئەو دوو چالاکە سیاسیە، درێژەدەری سیاسەتی داگیرکاری و دژە مرۆڤیانەیە، کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، دەرحەق بە گەلی کوردستان پەیرۆیی دەکەن.
ئێمە وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ویرای شەرمەزار کردنی ئەو کارەساتە دژە مرۆڤیە، دووپاتی دەکاتەوە، کە بە پێی بەڵگەکان و ئەو هەرەشانەی پێشتر لە لاێەن کۆماری ئێسلامی ئێران لەو دو وڵاتپارێزە کرابوو، کۆماری ئیسلامی ئێران، بە یەکەمین تاوانبار دەزانێت و داوا لە حکومەتی باشووری کوردستان دەکات، لەم بارەوە لێپێچینەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.
هاوکات داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و تەواو ناوەندە ئاشتی و دیمۆکڕاسی خوازەکان دەکات، گووشار بێنن بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر و بەرپرسیارەتی خۆیان لە هەمبەر مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەجێ بێنن