بە پێی هەواڵەکانی گەیشتوو لە رۆژئاوایی کوردستان، گروپە چەکدارەکان لە ڕۆژى ٢٦ى شوباتى ٢٠١٦ەوە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکی کوردنشینى شێخ مەقسود لە باکووری حەلەب دەسپێکردووە لە ڕۆژى ٥ى نیسانى ٢٠١٦ەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گەڕەکە چڕکردووەتەوە.
ماڵپەری راگەیاندن و تلوێزیۆنی NRT لە گوزارشێکدا باسی رەوشی رۆژئاوا و گەرەکی شیخ مەقسود دەکات و دەنووسێت: گروپە چەکدارەکانى کەتیبەى سوڵتان موراد، ئەحرار شام، فیرقەى ١٦، کەتیبەى فاتیح، گروپى فەستەقیم کەما ئەمرەت، کەتیبەى ١٣هەم، فیرقەى شەمالییە، کەتیبەى نوردەین زەنکى، بە هاوبەشى هێرشیان لە دژى گەڕەکى شێخ مەقسودى شارى حەڵەب دەستپێکردووە.
هێرشى ئەو گروپانە بۆ سەر گەڕەکى شێخ مەقسود لە کاتێکدایە لە ڕۆژى ٢٦ى شوباتى ٢٠١٦ەوە ئاگربەست لە نێوان گروپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان و حکومەتى بەشار ئەسەد ڕاگەیاندراوە و ئەو گروپانە و سوپاى ئەسەد هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر بە ڕێژەیەکى بەرچاو کەمکردووەتەوە، بەڵام هێرشى ئەو گروپە چەکدارانە بۆ سەر گەڕەکى کوردنشینى شێخ مەقسود کە لە کۆنترۆڵى یەپەگەدایە بەردەوامیى هەیە. ئەوەش زیانێکى بەرچاوى بە هاووڵاتیانی نیشتەجێی گەڕەکى شێخ مەقسود گەیاندووە.
ڕۆژى ٨ى نیسانى ٢٠١٦ ڕێکخراوى مافى مرۆڤى سوریا ڕایەگەیاندبوو، گروپى چەکدارى جەیشى ئیسلام چەکى کیمیایى و قەدەغەکراوی لە دژى هاووڵاتییانى گەڕەکى شێخ مەقسود بەکارهێناوە.
هەروەها دوێنێ ٩ى نیسانى ٢٠١٦ ڕێکخراوى مانگى سوورى کورد لە حەڵەب ڕایگەیاند، لە ئەنجامى هێرشى ئەو گروپە چەکدارانەوە، کە چەکى کیمیایى و قەدەغەکراویان بەکارهێناوە، ١٠٠ هاووڵاتیى کورد لە گەڕەکى شێخ مەقسود شەهیدبوون و ٦٥٠ هاووڵاتیى تریش بریندار بوون.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەکەونە باکوورى شارى حەڵەب و زۆربەى هەرە زۆرى دانیشتوانى ئەو دوو گەڕەکە کوردن. لە ساڵى ٢٠١١ و لە دواى شۆڕشى گەلان لە سوریا، ئەو دوو گەڕەکە لەلایەن هێزەکانى یەپەگە و یەپەژەوە کۆنترۆڵکراون.
لە دەرووبەرى ئەو دوو گەڕەکە ژمارەیەک ناوچە و گوندى کوردنشین بوونیان هەیە و دەگەنەوە بە کانتۆنى عفرین. بەشێک لەو ناوچە کوردنشینانە لە ئێستادا لە دەست گروپە چەکدارەکان و بە تایبەت گروپى چەکدارى بەرەى نوسرەدان و چەکدارەکانى بەرەى نوسرە و گروپەکانى دیکە هەوڵ دەدەن ڕێگرى بکەن لەوەی کە کورد بتوانێت باکوورى شارى حەڵەب و کانتۆنى عفرین بە یەکەوە ببەستێتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە لەبەر چاوگرتنی وەزعیەتی ناوچەی شێخ مەقسود و بەلەبەر چاوگرتنی ئەرک و بەرپرسیار بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لەو ناوەندە گشتیه دەکات، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی شێخ مەقسود بکات و دەری خات کە ئەو گرووپە تێرۆریستیانە چۆن دەستیان گەیشتۆتە چەکی شیمیایی و لایەنگەلی بەشدار و تاوانبار دادگایی بکات، هەروەها ڕێگری بکات لە گێشتنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو گرووپە تێرۆریستیانە.
هەروەها داوا دەکات، نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی بەدار لە ئیتلافی دژبە داعش، یارمەتی دەری هێزەکانی پاراسەنی گەل (YPG)و هێزەکانی پاراستنی ژن (YPJ) بن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان