دادگا دەمیرتاش دادگایی دەکات، بەڵام ئیزنیان نەدا بەشداری دادگا بێت

بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئەدیرنە ڕایگەیاندووە، کە ناتوانن دەمیرتاش ڕەوانەی زیندانی سزای ئەسڵیی ئامەد بکەن بۆ ئەوەی لە دووەمین دانیشتنی دادگاکەیدا ئامادەبێت، بەو بەهانەیەی کە کاریان زۆرە.

ناوەندی رۆژنیوز بڵاوی کردۆتەوە کە دووەمین دانیشتنی دادگای سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٩:٠٠ لە دادگای سزای ئەسڵیی ئامەد دەستیپێکرد.

هەرچەند پێشتر دیوانی دادگا ڕایگەیاندبوو، کە دەبێت دەمیرتاش خۆی لە دادگاکەدا ئامادەبێت، بەڵام بەڕێوەبەرانی زیندانی ئەدیرنە ڕێگایان بە ئامادەبوونی نەدا.

بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئەدیرنە و فەرماندەیی جەندرمەی زیندانی ئەدیرنە، بە ناردنی نامەیەک بۆ دادگا ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی کارمان زۆرە ناتوانین دەمیرتاش ڕەوانەی دانیشتنی دادگاکەی بکەین.

ڕێگانەدان بە ئامادەبوونی دەمیرتاش لە دانیشتنی دادگاکەیدا لە کاتێکدایە، کە داواکاری گشتیی تورکیا تا ئێستا ٩٣ سکاڵای دژی دەمیرتاش تۆمارکردووە، بەڵام ڕێگا بە بەرگریکردن لە بەرامبەر ئەو سکاڵایانەی پێنادەن.

هەروەها ڕۆژی ٧ی مانگ، بڕیاربوو لە دادگای ئەنقەرە دانیشتنی دادگاکەی بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێیان ڕاگەیاندبوو لە ڕێگای ئینتێرنێتەوە بەشداری دانیشتنی دادگاکە بێت، دەمیرتاش لەو دادگایەدا ئامادەنەبوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان