بەپێی ئەو راپۆرتانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون ، کەلووپەلی پزیشکی و باری خاوێنی نەخۆشخانەی شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان زور نەخوازراو براورد کراوە.
لەم راپۆرتەدا باس لە نەبوونی پێداویستیە سەرەتاییەکان وەک کەمی قەرەوێڵە، پزیشکی پسپۆڕ، مادەی خاوێنکردنەوەی کەرەستە پزیشکیەکان و دەرمان لە نەخۆشخانەی فەجری مەریوان دەکات.
بە پێی دوایی ئامارە سەرژمێریەکان، دانیشتوانی مەریوان ۱٦۸۷۷٤کەسن و جگەلە دانیشتوانی شارەکە ۱۷٦گوندیش سەربەشاری مەریوانن،سەرەڕای ئەوەی کە رێژەی ۵٤۸۳۲ دانیشتووی شاری سەوڵاوایش بە هۆی نەبوونی نەخۆشخانەی گونجاو لە شارەکەیان و نزیک بوونی ئەم شارە بە شاری مەریوانەوە هاوڵاتیان ناچارن بۆ دەرمان سەردانی نەخۆشخانەی مەریوان بکەن. جێگەی ئاماژەیە ئەم ئامارە لە بنکەی مەرکەزی ئاماری ئێران لە ساڵی۱۳۹٠ گیراوە.
نەخۆشخانەی فەجری شاری مەریوان هەڵگری ۷۲قەرەوێڵەی کارایە کە بە بەرواردی دانیشتوانی هەر دو قەزاکە بۆ هەر ۳۱٠۵کەس یەک قەرەوێڵە دابین کراوە کە ئەمە خۆی زۆر خوارتر لە ستانداردە جیهانیەکانە.
بەپێی قسە و هەواڵێک کە هاوڵاتیەک بەناو(ک.ب) بۆیی ناردووین، لەسەردانی بۆ چارەسەری وەرگرتن بە هۆی نەبوونی قەرەوێڵە لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە ۳کەس لەسەر یەک قەرەوێڵە چارەسەرییان بۆ کراوە.
هەروەها بە پێی زانیاریەکان، باس دەکرێ کە نەخۆشخانەی فەجری مەریوان لە لایەنی پاک و خاوێنی لە ئاستێکی زۆر نزم دایە کە لەم بارەوە دەتوانین ئاماژە بە بەشی ژنان و منداڵبوون بکەین.
بە لەبەر چاو گرتنی نارەزایەتی و گوزارشی چەند نەخۆشیک کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وتوو وێژی لە گەڵ ئەنجام داون، نەخۆشەکان دەڵێن: بەهۆی کەمی قەرەوێڵە لە بەشی منداڵبوون دایکان یەک سەر دوای لە دایک بوونی کۆرپەکانیان ناچار بوون سەرەڕای هەبوونی ئازاری زۆری دوای منداڵبوونەکەیان، قەرەوێڵەکان بە جێ بهێڵن و بچنە ناو حەوشەی نەخۆشخانەکەوە.
هەروەها نەخۆشیک بەناو(ش.م)باس لەوە دەکات: لە کاتی منداڵبوونما هەستم بە وەکرد کە قۆلانچە بەسەر لاقما دەگەڕێت،کاتی لەترسان هاوارم کرد نرسێک کە لەوێ بوو بە گژمدا چوو تەنانەت دەستی لێ بەرز کردمەوە.
ئەم لێکۆڵینەوانە خۆی باری ناتەندرووست و ئاستی نزمی تەندرووستی و بیهداشتی نەخۆشخانەکە دەسەلمێنێت.بەڵام کاربەدەستانی نەخۆشخانەکە سەرەڕای ئاگادار بوون لە دۆخەکە بە شێوەگەلی جیاواز پاساوی دەهێننەوە و خۆیانی لێ دەبوێرن.
لە لاوازی و بەشەکانی نەخۆشخانەکە دەتوانین بە نەبوونی بەشی تاقیگەی وێژنگی منداڵ(غربالگری) لە نەخۆشخانەو و بنکە حکوومیەکان لەم شارە ئاماژە بکەین. کە نۆبەگرتن و بینینی پزیشکی تاقیەگە هەندیک جار تا ۲ مانگ دەخایەنێت.
ئەم کێشەگەلە لە حاڵیک دایە کە چەند ساڵ پێشتر لە شاری مەریوان نەخۆشخانەیێکی تر درووس کرا بەڵام بە هۆی زۆر بوونی رێژەی دانیشتوانی شارەکە و ڕوو کردنی گەشتیار لە شاری مەریوان(شاری مەریوان هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی باشووری کوردستان، گۆمی زرێبار، سرووشتی جوان، هەورامان) ئەم نەخۆشخانەیە وڵامدەری رێژەی ئەم هەموو خەڵکە بە هیچ شێوەیەک ناکات.
ئەم ڕاپۆرتەی سەرەوە هەبوونی هەڵاواردن و جیاوازیکردنی ئاشکرا و بەپلانمان لە بواری دەرمان و تەندروستی بۆ ئاشکرا دەکات. بۆ ئەوەی دۆخی شاری مەریوان باشتر روون بکەینەوە، دووشاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری بابولسەر لە پارێزگای مازەندەرانی ئێران کە بە پێی ئەژماری دانیشتوان نزیکە لە شاری مەریوان، پێکەوە هەڵدەسەنگێنین.
شاری بابولسەر بە ریژەی دانیشتوانی ۱۲٤۳۲۳ نەفەر خاوەنی ۲ نەخۆشخانەی تایبەتە کە یەکێکیان نەخۆشخانەی تایبەت بە منداڵبوونە ئەوی دیکەشیان نەخۆشخانەی تامین ئیجتماعی شەفای بابولسەرە کە ۵ بەشی پسپۆری(نەشتەرگەری گشتی، نەشتەرگەری دەروون، ژنان، منداڵان و بێ هۆشی)تیدایە.
لە بورای دەستەبەندی ئیمکاناتی پسپۆڕی پزیشکی، خاوەنی بروانامەی پلە یەکی هەڵسەنگاندنی زانکۆی پزیشکیە، هەروەها خاوەنی پلاکی بڕوانامەی منداڵ خۆشەویستیە و بە هەبوونی پاڵاوگەیەکی ستانداردی ژینگەیی وەک بنکەیەکی سەوز پیناسە دەکرێت و بەشی سووتانی زبڵی ئەم نەخۆشخانە لەناو بردنی زبڵی هەموو قەزاکە لە ئەستۆ دەگرێت.
باسکردن لەم دەرفەتگەلە تەنها بۆ شیکاری و روون کردنەوەی بەشێک لە هەڵاواردنی پێدانی کەرەستەو پیداویستی تەندروستی دوشاری مەریوان (رۆژهەڵاتی کوردستان) و بابولسەر(شارێکی غەیرە کورد) بووە.
ئەمە لە حاڵێک دایە، بە پێ ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەی مەریوان دەکەن نزیک بە ۲ ئەوەندەی ئەو کەسانەیە دەچن بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی شاری بابولسەر.
بە سەرنجدان لەم راپۆرتە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە ئاماژە بە مادەی ۲۵ جاڕنامەی مافی مرۆڤ کە دەڵیت هەموو کەسێک مافی بەهرەمەند بوون لە ئیمکانی تەندروستی ژیانی خۆی و بنەماڵەی وەک،خۆراک، پۆشاک،شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێری پزیشکی، و خزمەت گوزاری کۆمەڵگایی هەیە وهەروەها بە ئاماژە بە مادەی۲جاڕنامەی مرۆڤ کە دەڵێت هەر چەشنە هەڵاواردن و جیاوازی لە بواری نەتەوە، رەنگ، رەگەز، ئایین، زمان و روانگەی سیاسی بە پێشێل کاری مافەکانی مرۆڤ پیناسە دەکات.
بۆیە ئەم دۆخە بە جۆرێک لە هەلاواردن و پێشیل کاری ئاشکرایی مافی مرۆڤ دەزانیت و خوازیارە کە کۆماری ئیسلامی ئیران بە زووترین کات گۆرانکاریەکی کاریگەر بکات و چیدی پێشێلکاری مافی مرۆڤ بە گشتی و بە تایبەت دەرحەق بە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
20160402


