بەهۆی تەقینەوەی مین لە باشووری کوردستان چەند کەس بریندار بوون.
تەقینەوەی مینێک لەگوندی گوڵپی سەر بەهەورامان لە باشووری کوردستان ژمارەیەک گەشتیار بریندار دەکات، ناوەندی هەواڵنێری KNN بە بڵاو کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە بەهۆی تەقینەوەی مینێکەوە بەژمارەیەک گەشتیاردا لەگوندی گوڵپی سەر بەناوچەی هەورامان ٥ گەشتیار بریندار بوە، لەدرێژەی هەواڵەکە باس دەکات کە لەنێو بریندارەکانیشدا ٢ منداڵ هەیە کە برینی هەردوکیان سەختەو بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراون.
ئەو مینە کە بەگەشتیارەکاندا تەقیوەتەوە پاشماوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراقە کە هەشت ساڵ درێژەی هەبوو، لە کاتی ئەو شەرە داهە دو وڵات ناوچەکانی نێوان خۆیان مین رێژ کرد و تائێستاش هەوڵیان نەداوە ئەو مینانە کۆ بکەنەوە، بە تایبەت کە بەشی زۆری ئەو مینانە لە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دانراون و ساڵانە دەیان قوربانی و بریندار دەگرێت.
وڵاتی ئێران یەکێک لە سێ وڵاتی دونیایە کە زۆرترین مین لە ناوچە سنووری و لە سنوورەکانی خۆیی چاندوە و بە کەڵکیان دێنێت. هەر وەها یەکێ لە دیارترینی ئەو وڵاتانەیە کە زۆرترین قوربانی و برینداری سڤیل بە هۆیی تەقینەوەی ئەو مینانەی هەیە.