بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، چارەنووسی حەوت چالاکی مەدەنی کوردی دەسبەسەرکراو لە سەقز رۆژهەڵاتی کوردستان نادیارە و هیچ زانیاریێک لەو بابەتە لە بەر دەست دا نیە، ئەو حەوت چالاکە مەدەنیە زیاتر لە یەک مانگە دەسبەسەرمکراون، بەڵام هیچ هەواڵێک لە مەر چارەنووسی وان لەبەر دەست دا نیە.
هێزەکانی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی ئێرران مانگی رێبەندانی ئەمساڵ، کۆمەڵێک لەچالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی کورد لە شاری سەقز سەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر دەکەن و ڕاگوێزی ناوەندە ئەمنیەتیەکانیان دەکەن.
بێهروز ریشه ساحب، وەفا فیروزه، فاتیح دۆنداری، فەرشاد دارایی، نادر مەجیدیان، دلێر شەمسی و سامان رەبانی ئەو حەوت چالاکە مەدەنیە کوردەن کە هاورێ لەگەڵ چەندین کەسی تر لە ماڵی یەکێک لە گیراوانی ناوبراو کۆتای مانگی رێبەندانی ئەمساڵ گیراون .
هەواڵەکانی بڵاو کراوە باس لەوە دەکەن کە لەو مانگە واتا رەشەمێ کەسێکی تریش بە ناوی رەزا مەجیدیان دەسبەسەر کراوە.
ماڵباتی ئەو گیراوانە بە چەندین جار پێوەندیان بە ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتیەکانی شار کردوە بەڵام هیچ زانیاریێکان لەسەر ڕۆڵەکانیان بەدەست نەهێناوە. هەروەها دەسبەسەر کردنی ئەو چالاکانە نایاسی و بەبێ بەڵگە و ئیزنی دادگا بووە و بێ حورمەتی کراوە بە ماڵباتی گیراوان.
نادر مەجیدیان، سەرنووسەری وێبسایتی دو زمانەی کوردی/فارسی «داهاتوو» بوو کە ماوێک لەمەوبەر کار و چالاکیەکانی خۆیی ڕاگرت.
