ک.م.م.ک:
لە کاتێکدا هێرشە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران پێ دەنێتە یازدەهەمین ڕۆژی خۆی، بەهۆی بڕینی ئینتەرنێتی جیهانی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، زانیارییەکی ورد لەسەر ئاستی زیانەکان و لێکەوتە مرۆییەکانی ئەم پێکدادانە لەبەردەستدا نییە. پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی وایکردووە وردەکارییەکانی پەیوەست بە گیانلەدەستدان، زیانە داراییەکانی خەڵکی سڤیل، دۆخی بژێوی و هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ هاوڵاتییاندا بە نادیاری بمێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان، دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە:
- جەلال ڕەشیدی: خەڵکی سەقز و پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK).
- ئیسماعیل (ئاکۆ) ڕەحیمی: خەڵکی سەقز و پێشمەرگەی کۆمەڵە، کە لە هێرشە مووشەکییەکەی ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەمەمە بۆ سەر بارەگای ئەو حزبە گیانی بەخت کرد.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە، دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە. ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمەمەی ٢٧٢٥ی کوردی، عوسمان بایەزیدی، خەڵکی گوندی “بەندەرێ”ی سەر بە پیرانشار، بەبێ بڕیاری دادگا دەستبەسەر کرا.
هەروەها قادر دەلالی میلان، خەڵکی ناوچەی “قۆتور”ی خۆی، کە لە مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک هێشتا لە زیندانی ڕژێم لەو شارەدا ماوەتەوە. ناوبراو بە “پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی” و “ئەندامێتی لە حزبە کوردییەکان” تۆمەتبار کراوە.
لە لایەکی دیکەوە، کەیوومەرس واعزی، چالاکی پیشەیی مامۆستایان و مەهدی باقری، بەندکراوی سیاسی، کە هەردووکیان خەڵکی سونقوڕن، لە زیندانی دیزەڵاوای کرماشان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە. ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەستێوەردانی دەزگا ئەمنییەکان لە دۆسیە یاساییەکانیاندا.
ق.ش


