ئاشکرابوونی ناونیشانی ژمارەیەک لەو هاوڵاتییانەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران و هێرشە درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە،

ک.م.م.ک:

لە کاتێکدا هێرشە سەربازییەکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران پێ دەنێتە چواردەیەمین ڕۆژی خۆی، هاوکات لەگەڵ پچڕانی ئینتەرنێت لە لایەن ئێرانەوە، هێشتا ڕەهەندە وردەکانی قوربانیانی سڤیل، ئاستی زیانە داراییەکان، دۆخی بژێوی و شێوازی خزمەتگوزاریی دامەزراوە حکومییەکان بۆ خەڵک بە تەواوی ڕوون نییە. سەرەڕای ئەوەش، بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناونیشانی چەندد هاوڵاتییەکی سڤیل کە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، پشتڕاست کراوەتەوە.

لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەشەمەمەی ٢٧٢٥ی کوردی، بۆ سەر بنکەکانی سوپای پاسداران لە شاری مەریوان، سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا؛ ئەوانیش بریتین لە: فەرزاد بازرگان، هاوسەرەکەی میترا جەلیلاوی (خەڵکی ئەهواز کە لە مانگی نۆیەمی دووگیانیدا بوو) و منداڵە چوار ساڵانەکەیان بە ناوی کارێن بازرگان.

هەروەها لە هێرشەکانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمەمە بۆ سەر بنکەی سوپای ڕژێمی ئێران لە گوندی بیەکەڕە لەسەر ڕێگای مەریوان-سەوڵاوا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە گیانلەدەستدانی ژنێک و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە دەکەن، هەرچەندە تا ئێستا ناسنامەی ئەو کەسانە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

لە شاری مەهابادیش، هاوڵاتییەک بە ناوی ئەبوبەکر موغەمی، بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی تەقاندنەوەی بنکەی پۆلیسی (کەلانتەری) ١١ی تاڵەقانی لەو شارەدا، گیانی لەدەستدا. لە حاڵەتێکی دیکەدا لە شاری سەلاسی باوەجانی، بەهرام سەیدی‌تەنها لە ئەنجامی بۆردوومانی ناوەندە سەربازییەکاندا گیانی لەدەستدا.
لە لایەکی دیکەوە، لە هێرشە درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و کەمپەکانی پارتە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان) لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمەمە، ئومێد وەیسی هاوڵاتیی خەڵکی ڕوانسەر و پێشمەرگەی کۆمەڵە، گیانی لەدەستدا و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بوو.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *