ک.م.م.ک
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکیی هاوڵاتییانی کورد کە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، دەستی پێکردووە، تا ئێستاش بە چڕی لە شارە جیاجیاکان بەردەوامە. هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران بێ نواندنی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری، هاوڵاتییانیان دەستبەسەر کردووە و ژمارەیەکیانیان لە دۆخێکی نادیاری ڕەهای یاسایی و شوێنی ڕاگرتندا هێشتووەتەوە.
پارێزگای کرماشان
- لە شاری شاباد، ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمێی ٢٧٢٥ی کوردی، «خان عەزیز ئیسماعیلی»، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایان، بێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا.
- هەروەها ڕۆژێک پێشتر، شەممە ٢ی ڕەشەمێی ٢٧٢٥ی کوردی، «کامیار ڕەشیدی» و «مەیسەم چابۆک» بە هەمان شێوە دەستبەسەر کران.
پارێزگای ئیلام
- «ئەمیر حیسام سۆهرابنیا» و «ئەمیر حوسێن سۆهرابنیا»، دوو برای تەمەن ١٨ و ٢٢ ساڵەی خەڵکی ئاسماناوا، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمێی ٢٧٢٥ی کوردی، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
- هەروەها، «مالیک نیکبەخت» (٢١ ساڵ و خەڵکی مەلەکشا) لە ١٢ی ڕێبەندان، «دانیال دانیالی» (خەڵکی دەرەشار) لە ٢٩ی ڕێبەندان و «محەمەد ڕەزا ئەسەدی» (خەڵکی ئاودانان) لە ٢٨ی ڕێبەندان دەستبەسەر کراون و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراون.
خوراسانی باکوور و ڕەزەوی
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی چەندین هاوڵاتیی کورد لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، لەم دوو پارێزگایە دەکەن. - لە شاری بوجنوورد: «بەهروز ئیزانلو» (٣٩ ساڵ) لە ١٤ی بەفرانبار و «بەهزاد ئازەرەخش» لە ٢١ی بەفرانبار دەستبەسەر کران.
- «سەید کازم نەزەری»، ئەندامی هێزە ئینتزامییەکانی بنکەی ١٢ی بوجنوورد، دوای ئەوەی لە ١٨ی بەفرانباردا فەرمانی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ڕەت کردەوە، دەستبەسەر کرا و سزای ١٣ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
- لە بەردەوامیی ئەم ڕەوتەدا، ڕۆژی ٢٩ی بەفرانبار «مەهدی جەعفەری» (خەڵکی دەرەگز) و ڕۆژی ٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، سێ هاوڵاتیی خەڵکی گوندی لایینی کەڵاتی خوراسانی ڕەزەوی بە ناوەکانی «ئەحمەد نادرپوور»، «سدیق پەریزاد» و «ئەمیر ڕۆشندڵ» دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و دۆخی یاساییان لەبەردەستدا نییە.
پارێزگای ورمێ
- لە شاری پیرانشار، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، «حیسام ئیسماعیلی» بێ نواندنی بڕیاری دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ق.ش


