ک.م.م.ک:
لە بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و بەربڵاوی هاوڵاتییانی کورد، سێ هاوڵاتی لە شارەکانی شنۆ، بۆکان و کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، “هەژار ئیبراهیمی”، هاوڵاتییەکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی شنۆ، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
پێشتریش لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی، “پەروێز بەنگینی”، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری بۆکان، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە تایبەتییەکانی، دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها دەستبەسەرکردنی “پەیمان ڕەحمانی”، یەکێک لە بریندارانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی، پێ دەنێتە دووەم مانگی خۆیەوە و هێشتا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخی یاسایی، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
ق.ش


