KMMK:
پێنجشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، ئەنجومەنی کەلتووری نۆژین سەبارەت بە دوایین دۆخی زارا محەممەدی، مامۆستای زمانی دایکی(کوردی) کە لە لایەن دامەزراوە قەزاییەکانی حکوومەتی ئێران بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، بەرنامەیەکی زیندوویان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامی خۆیان بەڕێوە برد.
لەم بەرنامەیەدا، زارا محەممەدی و دوو پارێزەر لە گەڵ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نۆژین لە کۆبوونەوەیەک بە شێوازی ئۆنلاین شرۆڤەی تەواوین سەبارەت بە دۆسیەکە و ڕوونکردنەوەی هەموو ڕەهەند و کون و کەلەبەری دۆسیەکە دا و وڵامی بیروڕای گشتیان دایەوە.
لە قۆناغی یەکەمی بەرنامە، ئیدریس ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین لە قسەکانیدا کوتی؛ ئێمە بۆ پێکهێنانی نەتەوەیەکی دیمۆکڕاتیک تێدەکۆشین. ناوبراو لە درێژەدا گوتی: شوناسێکە ئێمە باسی لێدەکەین زیندووە، بەڵام مەخابن سەرکوت کراوە. ناوبراو سەبارەت بە مافی نەتەوەیی کوردستان و دەست پێڕاگەیشتنیان و خوازیاری هەوڵی پتری کۆمەڵگا بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافەکانی خۆی دا.
دوکتۆر جوامێر عەبدوڵڵاهی، پارێزەری زارا محەممەدی و لە مامۆستایانی زانکۆیش لە وتەکانیدا جەختی کردەوە کە هەموو دۆسیەکەی بەتەواوی خوێندۆتەوە و هیچ بەڵگەیەک دژ بە زارای تێدا نییە. ناوبراولە وتەکانیدا ڕایگەیاند کە لە دادگای پێداچوونەوەیش دادوەر بۆ خۆی ڕایگەیاندووە کد ئەم مامۆستا کوردستانییە بێ تاوانە. ناوبراو کوتی من بۆ خۆم ئاگادار بووم کە ئەوان خۆبەخشانە کاری کەلتووریان دەکرد. بەڕێز عەبدوڵڵاهی کوتی: ئێستە کە دەبێ زارا خۆی بە دادگا بناسێنێ و بچێتە زیندان، دیسانەوە بە دەنگی بەرز دەڵێم ئەو بێ تاوانە. دوکتۆر عەبدوڵلاهی لە درێژدا کوتی: بە دەیان جار داوام لە دامەزراوە ئەمنییەکان کردووە کە بەڵگە بنوێنن کە پێوەندی بەو تۆمەتانەوە هەبێت،بەڵام دامەزراوە ئەمنییەکان هیچ بەڵگەیەکیان پێ نەبووە.
لە بەشێکی تری بەرنامەکەدا بەڕێز قارەمان کەریمی لە پارێزەرانی ناسراوی کوردستان ڕای خۆی سەبارەت بەم دۆسیەیە خستە ڕوو و جەختی کردەوە کە ئەو حوکمە تەواو نایاسایی و بێ بنەمایە. ناوبراو ڕایگەیاند کە هەموو دۆسیەکەی خوێندۆتەوە و هیچ بەڵگەیەک کە تاوانبار بوونی زارا پشتڕادت بکاتەوەی تێدا نییە. ناوبراو کوتی کە دۆسیەکە سەرەتا کێشەی هەبووە و زۆر ئاڵۆز بووە. سەرەتا لە گەڵ دوو دۆسیەی دیکە کە هیچ پێوەندی بە دۆسیەی زاراوە نەبووە تێکەڵاو بووە، دەیان جار لەمبارەوە ناڕەزایمان نواند، بەڵام وڵامێکمان وەتنەگرت.
زارا محەممەدی سەبارەت بە چالاکییەکانی خۆی، دەستبەسەری و دادگایی نادادوەرانەی خۆی کوتی: « ئەنجوومەنی نۆژین کە لە ساڵی ٢٧١٠ وە لەوێ ئەندامم، و خەڵک هەر لەو دەمەوە ئاگاداری هەموو چالاکییەکانی منن و هیچ هەوڵێکی نایاسایی تێدا جێبەجێ نەکراوە» ناوبراو شیکردەوە کە: بنەمای کاری ئێمە کوتنەوەی زمانی کوردی نییە، ئێمە خوازیاری خوێندن بە زمانی دایکین(کوردی). ئەمە ڕاستە کە ئەنجوومەنی نۆژین توانای ئەوەی هەبوو کە زمانی کوردی فێری بەردەنگەکان بکات، بەڵام بیر و گوتاری ئێمە لە سەر بنەمای پەروەردە وفێرکاری بە زمانی کوردییە. واتە منداڵان، زانست بە زمانی دایکی فێر ببن.
زارا محەممەدی لە هەموو کەسانی دڵسۆز کە پێشنیار دەکەن لە ئێران بچێتە دەرەوە تا بە بۆنەی بارمتەیەک نەچێتە زیندان لە قوڵایی دڵەوە سپاسی کردن، بەڵام کوتی نایهەوێ وڵاتی جێبهێڵێت، باوەڕی بە ڕاستینەی کارەکەی هەیە. ناوبراو کوتی ئامانجی لە فێرکاری زمانی دایکی بە منداڵانی کۆمەڵگاکەی ئەمە بووە کە بەرەی داهاتوو بە هێز بن بۆ ئەوەی ئەوان تووشی دۆخی هاوشێوەی ئێمە نەبن.
زارا محەممەدی لە بەشێکی دیکەی کوتەکانیدا کوتی: لە بەرانبەر ئەم حوکمە، جگە لە ڕاگەیاندن کردنی، ڕێگە یاساییەکانمان بڕین، بەڵام چارێکی دیکەیش هەیە کە ئەویش درێژەدان بەم ڕێگەیە. بەڵام نابێت سارد ببینەوە. ناوبراو بە ئاماژەدان بەو دەرفەتەی ماوەتەوە هەتا زیندان چوون کوتی گەر ڕۆژێک بەر بەم دەستبەسەریانە بگیردرێ، بەو واتایەیە کە کۆمەڵگا بە ئامانجەکانی گەیشتووە.
ق.ش


