بە پێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوە ، گروپی کەژەوانی لە شاری سنە ڕێپێوانێک بەڕێخستن دەکەن بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە بەکارهێنانی دووچەرخە بۆ ئافەرەتان و پشتیوانی لەو بزوتنەوە مەدەنیەی کە لەشارستانی مەریوان دەستی پێکردبوو هەر وەها هەنگاوێکیش بۆ هەناسەدان پاک و خاوێن بە بێ هەبوونی ماشین و هەڵوێستێک بۆ ژینگە پارێزی .
بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕۆژی سێ شەمە ، بە دەسپێشخەری گروپی کەژەوانی، کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزان و کەژەوانانی سنە ڕێپێوانێکی هێمنانەی دەست پێکردوە .
سەرەتا لە باخی “دیدگاە”وە دەستی پێکرد، لە شەقام و سێ ڕێیانی ئەدەبەوە بەرەوە گۆڕەپانی ئازادی و پاشان لە سەر پردی مەڵاوەیسیەوە و دەربازی فردەوسی بوونی و گۆڕەپانی شۆڕشیان (دەور مەیان)بڕی و چواڕێیانی چوار باخ دا بە یەکگرتوویی و هێمنی بە رەو دوا وێستگە، کە مەیدانی وەرزش و گۆڕەپانی ئەمین بوو زۆر بە هێمنی و سەردەمییانە کۆتاییان بەم ڕێپێوانە مەدەنییە هێنا.
شایانی باسە چەندڕۆژ بەرێ لە دوای دووچەرخە سواری ژنانی مەریوان وەکو چالاکییکی ژینگە پارێزی و فتوای کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کە ڕایانگەیاندبوو ” باسکیل سواری بۆ ژن حەرامە” ناڕەزایی چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزی کۆمەڵگای لێکەوتەوە و شاری مەریوان یەکەم هەنگاوی ناڕەزایەتی دەربڕی و شاری سنەش بەم ڕێپێوانە پشتگیری خویان بۆ مافی ژنان لە بەکارهێنانی دووچەرخە و ژینگەپارێزی نیشان دا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


