KMMK:
«دالیا مەحموود موسلیم» ژنە چالاکوان و برازای ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی (PYD) لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەن ئاسایشی هەرێمی باشووری کوردستان رادەستی دەزگای ئیستخباراتی میتی تورکیا کراوەتەوە.
دالیا مەحموود موسلیم تەمەن ۲۱ ساڵانە و پێشتر ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) بووە. بە وتەی ساڵح موسلیم؛ «دالیا» بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی باشووری کوردستان دەکات و لە هەولێر لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و دوایی رادەستی دەزگای ئیستخباراتی میتی تورکیا دەکرێت.
رادەستکردنەوەی ئەو ژنە چالاکوانە لەکاتێک دایە کە حکومەتی تورکیا بە ئاشکرا دژایەتی دۆزی ئازادی خوازی کوردستان دەکات و شەرێکی هەمە لایەنەی دژی کوردستان بە گشتی و رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی دەست پێکردووە. ئەشکەنجە و پەیرەو کردنی سزای دژە مرۆڤی لە گرنگترین هۆکارەکانی رادەست نەکردنەوەی مرۆڤن کە لە پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەیان پێکراوە.
ماددەی ۳ی پەیماننامەی نەهێشتنی ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوازێکی تەواو رادەستکردنەوەی هەر کەسێک کە شیمانەی ئەشکەنجە کردنی دەکرێت قەدەخە کردوە. رادەستکردنەوەی ئەو هاوڵاتیەی رۆژئاوای کوردستان بە دەوڵەتی تورکیا پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان و هاوکات دژی ئاسایشی نەتەوەیی گەلی کوردستانە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


