هەڵهاتنی ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی گرتووخانەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقز

KMMK:

ڕۆژی هەینی ۸ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی لە سەرهەڵدانێکی زیندانیانی زیندانی حکوومەتی ئێران لە سەقز لە کاتژمێری ۱۸ بۆ ۱۹ی ئێورە بە کاتی ئێران پتر لە ۸۰ زیندانی لەم زیندانە هەڵهاتن.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەیەکی خۆجێیی کە بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ناردووە: کاربەدەستانی گرتووخانەکە بۆ بەرگری لە بڵاو بوونەوەی ڤایرووسی کرۆنا هەوڵی گەنبڕ ــ سەمپاشی ــ کردنی ناو گرتووخانە بوون و هەمووبەندکراوانیان ناردبووە حەوش و حەساری زیندانەکە و بەنکراوەکان ئەم دەرفەتەیان قۆزتەوە و نزیک لە ٨۰ کەسیان توانیان لە گرتووخانەکە هەڵبێن.
شیاوی باسە کە: بە هۆی جێبەجێ کردنی پشووی زیندانیان لە هەموو زیندانەکانی حکوومەتی ئێران، تەنیا زیندانیانی سیاسی و ئەو ئێعدامیانەی کە سکاڵاکەری تایبەتیان هەبوو لەو زیندانانە مابوونەوە.
هەروەها سەرچاوەی خۆجێی ڕایگەیاند: پاش ئەم ڕووداوە، گەڕەکی بلواری سەقز کە زیندان لەوێدا هەڵکەوتووە بە تەواوی کەوتۆتە ئامادە باشی و میلیتاریزە کراوە وهێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی پشکنین و دۆزینەوەی ماڵ بە ماڵی ئەو زیندانیانەن کە هەڵهاتوون.

شیاوی باس کە: تەنیا چەندد زیندانی بە هۆی تەمەنی زۆر یان هەبوونی نەخۆشی نەیان توانیووە هەڵبێن و لە زیندانی سەقز ماونەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان