بۆ به‌ندکراوانی کرماشان، جارێکی دیکە کارکردنی زۆرەملێ لەشێوەی کەمپەکانی ئاڵمانیای نازی بەڕێوە دەچێت

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: «محەممەد عەداڵەت خا» سەرۆکی دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان، باسی پڕۆژەیەک دەکات کە تاوانباران لەجێی گیران دەخرێنە بەر خاوێن کردنەوەی ڕێگەی سەردانیکەرانی شوێنە مەزهەبییەکانی شیعە.

ناوبراو لە دانیشتنێک دا باسی لەوە کردوو کە ئەو پڕۆژەیە لە شاری «ئەسەداوا»وە هەتا دەروازەی سنووری خوسرەوی (پەروێزخان) درێژ دەبێتەوە.

ڕاگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە لە کاتێکدایە کە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆکار و شێوازی جۆراوجۆر گووشار لەسەر گیراوان درووست دەکەن کە قوڕئان لەبەر بکەن و بە زۆرەملێ نوێژ یان پێدەکەن و … و بەو جۆرە هەوڵی مەنگەنە کردنی گیراوان دەدەن.

پڕۆژەی خاوێن کردنەوەی ڕێگەی تێپەڕبوونی سەردانیکەرانی (نەجەف و کەربەلا)، ئیهانە و بێ ڕێزی کردنە بە دەستبەسەر کراوان و کار کردن لە کەمپە زۆرەملێیەکانی سەردەمی نازییەکانی ئاڵمانیا وەبیر دێنێتەوە کە گیراوانیان ناچار بە کار کردن دەکرد.

سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەموو کات لەسەر گووشار، ڕێگری کردن و لێسەندنەوەی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان بەڕێوەچووە و ئەو جۆرە سیاسەت و گووشارانە لەسەر گیراوان چەندین قات زیاترە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستـــــــان