٢٧٠ ئەندام لە نوێنەرانی پەڕلەمانی یەکیەتی ئەورووپا ڕۆژی سێ شەممۆ 25ی جۆزەردان بە ڕاگەیاندنی بەیاننامەیەک ،داوایان لە ووڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئەورووپاکرد بۆئەوەی پێوەندییەکانی خۆیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گرێ بدەن بە چارەسەری دۆخی مافی مرۆڤ لەو ووڵاتە.
بە پێی ڕاپۆڕتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: ئەم نوێنەرانەی پەڕلەمانی ئەورووپا بە ئاماژەو تیشک خستنە سەر ئامار و ڕێژەی زۆری ئیعدامەکان لە ئێران وهەر وەها هەڵسوکەوتی سەرکوتگەرانە وداپڵۆسێنەر دژ بە ژنان وکەمینە ئایینی ونەتەوەییەکانی نیشتەجێی جوگرافیای سیاسی ئێران ڕایان گەیاندووە کە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بەرەو ئاراستەیەکی خراپتر لەجاران ڕۆیشتووە.
هەر وەها لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لەم هەڵبژاردنانەی دوایی پەڕلەمان بە فرمانی ڕێبەری ئێران، هەزاران بەربژێر(کاندیدا)لە لایەن شۆرای نیگابانەوە سڕدرانەوەو ئیزنی بەشداربوونیان پێ نەدرا.هەر وەها ئاماژەیان بە پشتیوانی ئیرانی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد کردو وەک دەستێوەردانێکی مەترسیدار نرخاندوویانە.
جێگەی باسە کە ڕێخراوی لێبوردنی نێونەتەوەی لە سەرەتای ئەمسالی هەتاوی ڕایگەیاند کە ڕادەی ئێعدامەکانی ساڵی ڕابوردوو پترلە٩٧٣ کەس بووە ، هەرلەم پێوەندیەدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە بەڵگاندنی ژمێریارییەکانی(ئامار) ڕایگەیاند کە ٣٩٣ کەس لەو ئێعدام کراوانە لە شارۆمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


