kmmk:
لەنامەیەکی سەرئاواڵادا ۲۰ پارێزەری دادگە بۆ سەرۆک کۆماری ئێران سەرەڕای بەرچاو خستن و هەژماری ئەو کارەساتانەی بەسەر کۆڵبەراندا دێن و هەموو قوربانیان مین تووشیان دەبێ ،داواکارن کە کۆڵبەری کورد لوقمان وەحید خەڵکی گوندی شیناوێی پیرانشار کە یەکێک لە بەرچاوترین قوربانیانی مینە وبەو هۆیەوە لەناو خاکی ڕۆژهڵاتی کوردستان، دەکەوێت بەسەر مینێکدا کە هیچ چەشنە هێمایەکی ئاگادار کردنەوەی لەسەر نەبووە ومینەکە پێیدا دەتەقێتەوە ودەبێتە هۆی پەڕینی دەست وپێ و تەنانەت چاوەکانیشی لە دەست دەدات.
بەگوێرەی هەواڵەکە لەو نامەیەدا ئاماژە دراوە بەوەی کە ناوبراو لەهەموو مافەکانی قوربانییەکی مین بێبەری کراوە وداوایان کردووە کە بەخێرایی پێی ڕابگەن و چیتر مافی ناوبراو پێشێل نەکەن و چارەسەری پزیشکی گونجاوی بۆ بکرێ.
شیاوی باسە کە کۆڵبەرانی هەژار و لێقەوماوی کورد کەبەهۆی بێ دەرەتانی و ناچارییەوە ڕوویان لە پیشەی گران و نەگونجاوی کۆڵبەری کردووە سەرەکی ترین قوربانیان کۆمەڵگای جوگرافیای سیاسی ئێستەی ئێرانن و تەنانەت لەلایەن بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنییەوە بەتایبەت فەرماندەرانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕشەی کوشتنیان لێدەکرێ و هەر ڕۆژەو چەند کۆڵبەر دەدرێنە بەر دەسڕێژی ڕاستەوخۆیان و یاخود دەکەون بەسەر میندا یان لەهەڵدێر دەکەونە خوارەوە و یان لەبەر سەرما و سەهۆڵبەندان ڕەق هەڵدێن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهەزاران کوژراو بریندار و کەم ئەندامی ئەم کارەسانانەی لێیە وهەزار بنەماڵە وژنی گەنج وخێزاندار لە هەبوونی تاقانە نان هێنەری ماڵەکەیان بێبەرین و بێ هاوژین و سەرپەرشتیار ماونەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


