چارەنووسی خوێندکارێکی گیراوی کورد نادیارە

خوێنکارێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە لە رۆژهەڵاتی کوردستان نادیارە، ئەو خوێندکارە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیراوە و ڕاپێچی گرتوخانە کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕ، “شەهاب ئەحمەدی ئازەر” کوڕی “ئەحمەد” لە ماڵەکەی خۆیدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری نەغەدە دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە لایەن لیباس شەخسییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.

هەواڵەکان واباس دەکەن کە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، سێ سەیارەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران هێرشیان کردە سەر ماڵی شەهاب و ناوبراویان دەستبەسەر و لەگەڵ خۆیان بردووە.

شەهاب خوێندکاری  دوکتورایە و ، بەربژێ هەڵبژاردنی مانگی ڕەشەممەی ٩٤بووە کە لە لایەن شوورای نیگابانەوە ڕەدی سەلاحییەت کرابۆوە.

هەروەها لە حەوتووی ڕابردوودا، ئەفسانە بایەزیدی بۆ سێهەمین جار لە شاری بوکان دەستبەسەر دەکرێت.

جێی ئاماژەیە کە هێزە ئەمنیەتییەکان ماڵەکەی شەهابیان پشکنیوە و لەپ تاپ، تەبلێت و موبایلەکەی و هەروەها هێندێک کتێب و کەرەسەی دیگەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی شەهاب ئەحمەدی ئازەر کە خێزاندارە لە بەردەستدا نیە.

ئەو چالاکه مەدەنییە، پێشتریش، لە  مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی لە لایەن ستادی ناوەندی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرابوو.

شەهاب تەمەن ٣٢ ساڵە، چەند جارێک دوای بانگهێشت و لێکۆڵینەوە، بە بیانووی پروپاگەندە و لایەنگری لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان