پۆلیسی ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەرانی کورد

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پۆلیسی ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر چالاکوانانی کورد لە کاتێکدا بۆ پێشوازیکردنی پاسی کتێبخانەی کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان گرد ببوونەوە.

پێنج شەممە ۱۸ی خەزەڵوەر لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا ژمارەیەک هاوڵاتی کورد گردببوونەوە بە مەبەستی پێشوازیکردنی پاسی کتێبخانەی ئۆجالان کە بە شارەکانی ئەوروپادا دەگەڕێت، پۆلیسی ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران.

پاسی کتێبخانەی کتێبەکانی ئۆجالان لە ڕۆژی ٩ی مانگی ڕابردووەوە بە دروشمی ئازادی بۆ ئۆجالان لە شاری ستراسبۆرگەوە گەشتێکی بە ناو شارەکانی ئەوروپادا دەستپێکردووە، دوێنێ پۆلیسی ئەڵمانیا هێرشی کردە سەرهاوڵاتیان کە بە بۆنەی گەیشتنی ئەو پاسە بۆ شاری هانۆڤەر گردببونەوە.

سەرچاوەکانە هانۆڤەرەوە ڕایانگەیاندووە، کە لە ئەنجامی هێرشی پۆلیسدا ژمارەیەک لە چالاکوانانی کورد بریندار بوون.

پاسی کتێبخانەی ئۆجالان تا ئێستا لە شارەکانی وڵاتانی نەماسا، فەرەنسا، سویسرا، بەلجیکا، هۆڵەندا، دانیمارک و سوید تێپەڕبووە و دوێنێ گەیشتە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان