توندوتیژی و دەست درێژی بۆ سه‌ر ۱۵ میلیۆن ژن لە جیھاندا

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بێدە نگی جیهان لە ئاستی توندوتیژی لەسەر ژنان و ئەو نایەکسانی و ناعەداڵەتیە دژ بە ژنان شەرمەزار دەکات.

دیاردەی کوشتن و توندوتیژی و دەست درێژی کردن لە هەمبەر ژنان بووەتە مانشێتی رۆژانەی  میدیاکان و سەڕەڕای ئەوەش،  دەسەڵاتداران و ناوەندەکانی بەرپرس بێدەنگیان هەڵبژاردوە.

بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێخراوەی یونیسێف ئەمساڵ دەست درێژی کراوەتە سەر زیاتر لە ۱۵ میلێۆن ژن  لە سەرتاسەری جیهاندا، بێ گومان ئەم ئامارانە هی ئەو حاڵەتانەدایە کە لەلایەن رێکخراوەکانەوە تۆمارکراوە و بەشێکی زۆر لە ژنان  بە هۆی ترسی بنەماڵە و کۆمەڵگاوە کێشەکانی خۆیان ئەشارنەوە و بێ دەنگ ئەبن.

شەڕ و ماڵوێرانی، گرفتی ئابوری، نایەکسانی لەهەمبەر یاسا  و … کارگەریی گەورەی خۆی هەیە لە سەر ئەم دیاردە و هۆکارە سەرەکیەکانی ئەو حاڵەتە دڵتەزێنەن.

جێی ئاماژەیە، بەهێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر  کوردستان، بەتایبەت ناوچەی شەنگال و دەوروبەری بە هەزاران کچ و ژنی ئیزەدی بونە قوربانی و لە وڵاتانی دراوسێدا بازەرگانییان پێوە کرا و ئسیتاکەش چارەنوسیان نادیارە.

توندوتیژی و کوشتن و دەست درێژی هەموو جۆرەکانی تری ئازاردان کەبەرامبەر ژنان دەکرێت، رەهەندێکی مێژووی هەیە، ئەم حاڵەتە لەکلتووری داسەپێنراوی پیاوسالار و دینەوە سەرچاوەی گرتووە.

سەرەڕای ئەوەی ئێستا مرۆڤایەتی قۆناغی زۆری تێپەڕاندوە، هەر لەرێزگرتنی مرۆڤ و بەشارستانی کردنی جیهان و پێشکەوتن لەهەموو بوارەکاندا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەتوانراوە رێگە لەتوندوتیژی بیگێرێت و دونیایەکی ئارام بۆ مرۆڤەکان فەراهەم بکرێت.

بێدەنگ بوونی ژنانە لەئاست ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، رازی بوونیانە بەو بارودۆخە. هەروەها ئاستی رۆشنبیری هەردوو رەگەز کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر ئەو بابەتە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وەک ئەرکی ئەخلاقی خۆی توندوتیژی و دەست درێژی کردنی سەر ژنان بە توندی شەرمەزار دەکات و داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات کە بۆ پاراستنی ژنان و کچان لە ئەو مەترسییە گەورەیە هەنگاوی جیدی بنێن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان