مانگرتن لە خواردنی بەندکراوی سیاسی کورد سزا دراو بە لە سێدارەدان، ئەبوبەکر ڕۆستەمی

کۆمەڵە مافی مرۆڤی کوردستان: ئەبوبەکر ڕۆستەمی بەندکراوی سوننە مەزهەبی کورد سزا دراو بە لە سێدارەدان دژی بڕیاری سزای سێدارە و ڕاگرتن لە بەندی تۆمەتبارانی مادە سڕکەرەکان لە ڕۆژی چوارشەممە ۳ی خەزەڵوەر مانی لە خواردن گرتوە و  ناوبراو لە دۆخێکی نالەباری جەستەییدایە.

بە پێی هەواڵی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان؛ ئەبوبەکر ڕۆستەمی خویندکاری بەندکراو، کە لە خەرمانانی ئەمساڵەوە لە لایەن دادگای شۆڕشی زاهدان بە تۆمەتی محاربە (شەڕکردن دژی خودا) و ئەندامیەتی لە گرووپگەلی ڕادیکاڵی سوننە مەزهەب بە لەسێدارەدان  و پێنج ساڵ زیندان سزا دراوە، لە ڕۆژی چوارشەممە ۳ ی خەزەڵوەرەوە دژی ئەو سزایە و گواستنەوە بۆ ژووری بەندکراوانی مادە هۆشبەرەکان مان گرتن لە خواردنی وشکی خۆی ڕاگەیاندوە.

ڕۆژی ڕابردوو ئەو زیندانیە بە هۆی سه‌ر گێژە و دابزینی زەخت لە بەندی ٥ بۆ نەخۆشخانەی زیندان گوازرایەوە و بەرپرسانی بێهداری داخوازی کۆتای هێنان لە مانگرتن و لێدانی دەرزی بۆ ناوبراو بوون، مخابن ڕۆستەمی ڕایگەیاند تا کاتێک کە دادستانی زاهدان بۆ خۆی چاوپێکەوتن لە گەڵی ساز نەکات و گوێبیستی داخوازییەی یاساییەکانی نەبێت، کۆتایی بە مانگرتن ناهێنێت.

ڕۆژی ڕابردوو بە بڕیاری بەرپرسی گشتی بەندیخانە ناوبراو گوازرایەوە بۆ قەرنتینەی (بەشی بەندکراوانی نوێی بەندیخانە) بەندیخانە و پیان ڕاگەیاند تا واز لە مانگرتن نەهێنێت دەبێت لەوێ بمێنێتەوە.

ڕۆستەمی لە دایکبوی ۱۳۷۳ هەتاوی شاری سەلاسی باوەجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتوی شاری کرماشان‌، خویندکاری ساڵی دوومی زانکۆ پزیشکی «زابل» کە بە مەبستی درێژەی خویندن بۆ وڵاتانی عەربی ڕۆشتبوە پاکستان، لە ۲٥ خەرمانانی ساڵی ۹٤ هەتاوی هاوڕێ لە گەڵ دوو شارۆمەندی به‌لووچی پاکستانی لە لایەن یەکێک لە پارتەکانی پاکستانەوە پەیوەندیدار لە گەڵ سپای قودسی ئێران، لە پاکستان دەسبەسەر و پاش دوو ڕۆژ لە سنووری ئێران ڕادەستی سپای قۆدس کرایەوە.

ئەم خویندکارە کوردە هاوڕێ لە گەڵ دوو شارۆمەندی دیکەی خەڵکی پاکستان بۆ ماوەی ۱۱۰ ڕۆژ بە بێ مافی پەیوندیگرتن و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەیاندا لە گرتووخانەی سپا و ئیتلاعەتی زاهداندا بە تۆمەتی ئەندام بوون لە گرووپگەلی ڕادیکاڵی مەزهەبی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کران و پاشان بۆ بەندیخانەی ناوەندی زاهدان ڕەوانە کران.

دادگای کردنی ئەم خوێندکارە هاوڕێ لە گەڵ دوو شارۆمەندی پاکستانی لە دادگای شۆڕش، بە دادوەری «دادوەر مێهران بامری» بەڕێوەچوو و هەر سێ بە تۆمەتی مۆحاربە و ئەندامیەت لە گرووپگەلی ڕادیکاڵی مەزهەبی بە ئێعدام و پێنج ساڵ زیندان سزادران.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە،  ناوبراو لە ڕۆژی ۱۰ی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە کاتی ڕێوڕەسمی عاشورا لە بەندیخنەی زاهدان بە هۆی بێ ڕێزی بە ۲ کەس لە زانایانی ئایینی شێعە بە باوەڕدارانی سوننە، بەندکراوانی زیندانی زاهدان ناڕەزاییان پیشان دابو و بەرپرسانی زیندان بەم هۆیەوە ڕۆستەمیان بۆ ماوەی ۲۰ ڕۆژ بۆ ژووری تاکە کەسی ڕەوانە کردبوو و ڕۆستەمی دژی ئەو کردەوەی بەرپرسانی زیندان دەسستی دابویە مانگرتن لە خواردن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان